سەردێڕ:

حکومەتى عێراق ٣ نەخۆشخانە لە موسڵ دروست دەکات کە ١٨٠٠ قەرەوێڵە لە خۆ دەگرێت

دیمەنى شەقامێکى موسڵ کە هێشتا دەستى ئاوەدان کردنەوە نەگەیشتووە پێى
PM:01:33:21/05/2023

1592 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند، دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ درووست کردنى سێ نەخۆشخانە لە شارى موسڵ کە ١٨٠٠ قەرەوێڵە لە خۆ دەگرێت.


ئەمڕۆ یەک شەممە، ساڵح حەسناوى وەزیرى تەندرووستى عێراق لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق رایگەیاند، دواى پەلامارى داعش بۆسەر شارى موسڵ، ژێرخانى ئابوورى ئەو شارە، رووبەڕووى وێرانکارى گەورە بووەتەوە.

وەزیرى تەندروستى عێراق وتیشى، موحەممەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، بەردى بناغەى درووست کردنى نەخۆشخانەى ئیبن سینا داناوە کە ٦٠٠ قەرەوێڵە لە خۆ دەگرێت، هاوکات گفتووگۆ کراوە لە بارەى درووست کردنى دوو نەخۆشخانەی دیکە کە بە هەمانشێوە هەریەکەیان ٦٠٠ قەرەوێڵە لە خۆ دەگرێت.

هاوکات راشیگەیاند، نەخۆشخانەیەکى دیکە هەبووە کە لەسەردەمى داعش دا رووخاوە، ئێستا دەستیان بە نۆژەن کردنەوەى کردووە و لە ٢٠%ى کارەکانى تەواو بووە.

ساڵح حەسناوى وەزیرى تەندرووستى عێراق، ئاماژەى بەوەش دا، ئەم کابینەیەى حکومەتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، هەوڵی داوە خزمەت گوزارییەکانى بە هەموو جۆرەکانیەوە، بگەیەنێتە پارێزگاى نەینەوا، کە بەهۆى جەنگى دژى داعش رووبەڕووى وێرانکارى گەورە بووەتەوە.

هەرچەندە ژمارەیەک پڕۆژەى ستراتیژى گەورەى وەک دروست کردنى پرد و نۆژەن کردنەوەى شەقامەکان و پارک و باخچە و دامودەزگاکانى حکومەت بڕیارى لێدراوە، بەڵام دواى تێپەڕ بوونى شەش ساڵ بەسەر پەلامارى موسڵ لە لایەن داعشەوە، هێشتا کارەکانى ئاوەدان کردنەوەى شارەکە خاو دەڕوات بەڕێوە.













گەلەری