سەردێڕ:

دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە؛ فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا موچە وەردەگرن؟

AM:08:53:21/05/2023

8556 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ و ئەو ٤٠٠ ملیارەی لە بەغداوە دێت دەتوانێت لە کاتی خۆیدا موچە دابەشبکات. دەشڵێت، "بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە کێشەی دواکەوتنی موچە لە هەرێم چارەسەر دەبێت."


فازل نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ و ئەو ٤٠٠ ملیارەی لە بەغداوە دێت دەتوانێت موچە دابەشبکات و ناردنی ئەو ٤٠٠ ملیارەش لە بەغداوە هەنگاوێکی ئیجابییە.

وتیشی، بەهۆی چەند ناکۆکییەک لەنێوان لایەنەکان لەسەر پرۆژەیاسایی بودجە رەنگە سبەینێ نەتوانیرێت پەسەند بکرێت، بەڵام لە کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو ناکۆکیانە کۆتاییاندێت و پرۆژەیاساکە پەسەند دەکرێت و بە پەسەندکردنیشی کێشەی دواکەوتنی موچە چارەسەر دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ناکۆکییەکان لەسەر پشکی هەرێم نییە و پشکەکەی هەر ١٢.٦٧٪ـە و جێگیر کراوە، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەن بەشێک لە لایەنەکان دەیانەوێت، هەندێک لە بڕگەکانی تایبەت بە هەرێم توندتر بکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لە لایەنەکان دەیانەوێت ئەو هەژمارەی داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا هەڵدەگیرێت بە تەواوەتی لەژێر دەستی عێراقدا بێت.

فازل نەبی راشیگەیاند، هەرێم تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە عێراق تێبگەیەنێت ناردنی پارەی مانگانە لە زیانی هەرێم و هاوڵاتیانییەتی چونکە بە قەرز دەنێردرێن نەک وەک پشک و دواتر لە هەرێم وەردەگیرێتەوە و لەو رۆژەوەی هەرێم نەوتی رادەستی عێراق کردووە دەبوایە داوای لە عێراق بکردایە یەک لەسەر دوانزەی پشکی هەرێم لە بودجە بۆ موچەی هەرێم سەرفبکات.













گەلەری