سەردێڕ:

کەی بەغدا ٢٠٠ ملیارەکەی دیکە بۆ هەرێم دەنێرێت؟

PM:07:10:19/05/2023

12276 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری هەرێم لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بەغدا ٢٠٠ ملیاری دیکە بۆ هەرێم دەنێرێت.


فارس عیسا نوێنەری هەرێم لە بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، رۆژی یەکشەممە بەغدا ٢٠٠ ملیاری دیکە بۆ هەرێم دەنێرێت. بەمەش بەغدا ٨٠٠ ملیار دیناری بۆ دابینکردنی موچەی مانگی نیسان ناردووە.

بۆ دابینکردنی موچەی مانگی نیسان بەغدا تاوەکو ئێستا ٦٠٠ ملیار دیناری ناردووە بۆ هەرێم، بەڵام بەپێی ئەو لیستی موچەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە بە دوو هەفتە موچە دابەشدەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش حکومەت پارەی پێویستی لەبەردەستدایە تاوەکو بە دوو رۆژ موچە دابەشبکات.

هەر ئەمڕۆ، ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەکرد، بزوێنەری کێشەکانی بەردەم موچە زیاتر سیاسی و بابەتی گەندەڵیین و ئەو کێشە سیاسی و گەندەڵییە بەردەوامانە، گرفتی دارایی دروست دەکەن.

وتیشی، تاوەکو ئەو کێشە و گرفتە سیاسیانە بەردەوام بێت کێشە بۆ دابەشکردنی موچە دروستدەبێت.

پێشتریش حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەڵێنیدا هەموو ٢٥ـی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام هیچ مانگێک لە کاتی خۆیدا موچە دابەشنەکراوە.


 













گەلەری