هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی بەریتانیا لە کاتی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، ٣٠ کەس لە مردن رزگار دەکات و ماڵپەڕی زە لیدەری بەریتانیش، وەک پیاوە ئازاکە ناوی دەهێنێت.
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری رێخسامی وڵاتی بەریتانیا دەکەوێتەوە و سەروەر مەحموود کە گەنجێکی کوردی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی شاری کەلارە و لەو وڵاتە پەنابەرە، ژیانی چەند کەسێک لە مردن بەهۆی ئەو ئاگرەوە رزگار دەکات.
لە کاتی
رووداوەکەدا سەروەر لە نزیک باڵەخانە گڕگرتووەکە دەبێت و بەبێ گوێدانە کارەکەی خۆی
بەرەو ئاگرەکە رادەکات و ٣٠ کەس رزگاردەکات
کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
هاوکات، پێگەی
زە لیدەری بەریتانی راپۆرتێکی لەبارەی سەروەرەوە بڵاوکردووەتەوە و بەهۆی ئەو
کارەیەوە بە پیاوە ئازاکە ناوی بردووە.
ئەو گەنجە
کوردە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەو روویداوە و کاتێک لەبەردەم دووکانەکەی خۆیدا بووە هەستی بە
بۆنی ئاگرەکە کردووە و یەکسەر چووتە قاتی سەرەوەی ئەو باڵەخانەیەی گڕیکرتووە و
دانیشتوانەکەی ئاگادار کردووەتەوە لە ئاگرەکە و چەند منداڵێکیشی رزگار کردووە.
وتیشی، "هەستێکی
خۆشم هەیە کە توانیم ئەو منداڵانە رزگار بکەم و هەفتەی داهاتووش لەلایەن شارەوانی ئەو
شارەوە خەڵات دەکرێم."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو باڵەخانەیە شوێنی مانەوەی پەنابەران بووە و شانازی دەکات توانیویەتی ژیانی ٣٠ کەس لە چەند نەتەوەیەکی جیاواز رزگار بکات.