سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، دەستەواژەی "نابێت" لە بڕگەیەکی ماددەی ١٢ـەی پرۆژەیاسایی بودجەدا لابراوە، کە دەبووە هۆی مەترسی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم. بەپێی بڕگەکەش پاش گۆڕانی ئەو دەستەواژەیە پشکی هەرێم بەگوێرەی نرخی نەوت دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ هەینی، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پاش پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ گۆڕینی دەستەواژەیەک لە بڕگەی دووەمی ماددەی ١٢ـەی پرۆژەیاسایی بودجەی عێراقدا، گۆڕدراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە برگەکەدا هاتووە
پشکی هەرێمی کوردستان "نابێت" زیاتر بێت لە داهاتی نەوت و دەروازە
سنوورییەکان، لە پاش چاککردنی بڕگەکەش وشەی "نابێت" لابراوە.
لە بڕگەی دووەمی ماددەی ١٢ لە پڕۆژەیاسایی
بودجەدا پێش گۆڕانی ئەوە هاتبوو، پشکی هەرێم نابێت زیاتر بێت لە داهاتی فرۆشی نەوت
و داهاتی ناوخۆ واتە، ئەگەر نرخی نەوتیش بەرزتر ببێتەوە پشکی هەرێم زیاتر نابێت، بەڵام
پاش گۆڕانی ئەو بڕگەیە و لابردنی وشەی "نابێت" ،ئەگەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە
پشکی هەرێمیش زیاتر دەبێت.
لە ١٣ـی ئازار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
رەشنووسی بودجەی هەرسێ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ـی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی
کرد و تاوەکو ئێستا دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە و پشکی هەرێمیش لە بودجە ١٢.٦٧٪ـە و یەک بەرمیل نەوتیش بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە.