سەردێڕ:

تەندرووستی کەرکوک: منداڵێکی دوو رۆژە لە نەخۆشخانە جێ هێڵدرا

PM:03:05:19/05/2023

5284 جار خوێندراوەتەوە

خانەوادەیەک منداڵیکی دوو رۆژەیان بردووەتە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک و لەوێ بەجێیان هێشتووە و پۆلیسیش لێکۆڵێنەوە لەسەر رووداوەکە دەکات.


چاوگێک لە تەندرووستی کەرکوک بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر لە نەخۆشخانەی منداڵانی شاری کەرکوک خانەوادەیەک هاتوونەتە نەخۆشخانەکە و منداڵەکەیان بەجێ هێشتووە.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، منداڵەکە تەمەنی تەنیا دوو رۆژە و لە رەگەزی نێرە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئێستا پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەیە و دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی خانەوەدای ئەو منداڵە.

لە سەرەتاکانی ئەم مانگە لە بەردەم مزگەوتێکی شاری هەولێر منداڵێکی تازە لە دایک بوو دۆزرایەوە لە دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەرکەوت لەلایەن دایک و دوو کەسی نزیک لە باوکی فرێدراوە.

لە ماوەی رابردووش، لە قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هاوشێوەی شاری هەولێر، منداڵێکی تازە لە دایکبوو لە بەردەم مزگەوتێک دا دۆزرایەوە.

لە دوای لێکۆلینەوەی پۆلیسی ناوچەکە دایکی منداڵەکە و دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی بەشدار بوون لە جێهێشتنی ئەو منداڵە دەستگیر کران و دادگاش بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ کەسێکی دیکە دەرکرد.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دا، منداڵێکی تازە لە دایک بوو لە بەردەم دەرگای یەکێک لە مزگەوتەکانی قەزای شێخان دا دۆزراوەتەوە.



دیار محەمەد، کەرکوک













گەلەری