پێش بەستنی کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی G7، رێکخراوی ئۆکسفام رایگەیاند، وڵاتانی G7 قەرز داری وڵاتە هەژارەکانی جیهانن، بە بەهای ١٣ ترلیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی ئۆکسفامی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە و تایبەتە بە داتاکانى ئاستى هەژاری لە جیهاندا رایگەیاند، وڵاتانی G7 پابەندیان بەرامبەر بەو بەڵێننامەیە نیە کە دەبوو بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە بیدەنە وڵاتانی هەژار کە بڕەکەی ١٠٠ ملیار دۆلارە و دەبێت تاکو ساڵی ٢٠٢٥ بۆیان تەرخان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بڕە پارەیە وەک قەرەبوو کردنەوەی دەردانی
دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە و بووەتە هۆی خێرا بوونی کاریگەرییەکانی کەش و هەوا لەسەر
ئەو وڵاتانەی دەکەونە باشوورى نیوەگۆى زەوییەوە.
رێکخراوەکە داوای لە حکومەتەکانی وڵاتانی G7 کردووە پابەندی بەڵێنەکانیان بن و ئەو بڕە پارەیە بدەن، تاکو وڵاتانی
هەژار بتوانن رووبەڕووی گۆڕانی کەش و هەوا ببنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی G7 لە شاری هێرۆشیما لە یابان دەستى بەکارەکانی کرد و بڕیارە تاکو ٢١ی
ئەم مانگە بەردەوام بێت، لە کۆبوونەوەکانی ئەمجارە، باس لە جەنگی ئۆکرانیا و
بارودۆخی دارایی و پێشکەوتنە سەربازییەکانی ئاسیا دەکرێت.
وڵاتانی G7 پێکدێن
لە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و کەنەدا و ئیتاڵیا و بەریتانیا و
فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ژاپۆن.
هاوکات، رێکخراوی ئۆکسفام، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و بارەگاکەی لە
وڵاتی بەریتانیا و کاردەکات بۆ نەهێشتنی هەژاری لە جیهاندا.