سەردێڕ:

بە پەسەند کردنی بوودجە ٦٧ هەزار خاوەن بڕوانامە دادەمەزرێن

PM:10:04:18/05/2023

1624 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بوودجە ٦٧ هەزار ناونیشانی خاوەن بڕوانامە لە خۆ دەگرێت و لە رێگەیەوە خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەکانی دەوڵەت دادەمەزرێندرێن.


ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە میدیاى عێراقى راگەیاند "بوودجەی ئەمساڵ هەلى بۆ چەند پلەیەکى فەرمانبەرى دەوڵەت لە خۆ گرتووە و ژمارەیان ٦٧ هەزار پلەیە و تایبەتە بە دامەزراندنی هەڵگری بڕوانامە باڵاکان و پلە بەندی پزیشکی و زانستی و فەرمانبەرانی گرێبەست.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ژمارەیەکی زۆر دامەزرێندراون و لە ساڵانی رابردوو گرنگییەکی ئەوتۆ بە دامەزراندن نەدراوە و لە کاتی دامەزراندنیشدا جیاکاری کراوە لە نێوان خاوەن بڕوانامەکان و بێ بڕوانامەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی چەند پلەیەکی فەرمانبەرى دەوڵەتەوە، سەرنجی خاوەن بڕوانامە باڵاکان رادەکێشرێت و لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت دادەمەزرێندرێن و سوودیان لێ وەردەگیرێت.

ماوەی چەندین ساڵە عێراق لە قەیرانی کار لە کەرتی گشتی و تایبەتیدایە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی رێژەی بێکاری لە نێو خاوەن بڕوانامە باڵاکان و دەرچوان لە بوارە جیاوازەکان، جگە لە بێکاریی زۆربەی کرێکارەکانی پیشە جیاوازەکان.













گەلەری