سەردێڕ:

یەکەم کارگەی کارکردن بە سیستەمی رۆبۆت لە عێراق دامەزرا

وێنەى ناو کارگەکە کە بە سیستەمى رۆبۆت کار دەکات
PM:04:44:18/05/2023

1616 جار خوێندراوەتەوە

لە هەنگاوێکی گرنگ و نوێ لە بواری پیشەسازیدا یەکەم کارگەی کارکردن بە سیستەمی رۆبۆت لە عێراق دامەزرا.


دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای بەسرە لە باشوری عێراق رایگەیاند، یەکەم کارگەی کارکردن بە سیستەمی نوێی رۆبۆتیان بە بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار لە شاری زوبەیری سەربە پارێزگاکە دامەزراندووە کە لە پێناو کارایی بەرز لە بواری وەبەرهێنانی بیناسازیدا کار دەکات.

موحەممەد موسەوی بەرێوەبەری پڕۆژەى سیستەمى رۆبۆت ئاماژەی بەوەداوە، کارگەکە لە راپەڕاندنی کارەکانیدا بەتەواوی پشت بە رۆبۆت دەبەستێت کە ئەوەش لە پێناو زیادی ئاستی بەرهەمهێنان و باشترکردنی کوالیتی بەرهەمەکان و کەمکردنەوەی کەموکوڕی و هەڵەکان داندراوە.

وتیشی، ئامێرەکانیان لە ئەڵمانیاوە هێناوە، باسی لەوەشکرد، کارگەکە رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە بواری وەبەرهێنان لە پیشەسازی کەرەستەی بیناسازی و بەشداری لە دابینکردنی بەرهەمەکان و پێداویستی بازاڕدا دەکات.

شارەزایانی بواری ئابووری هانی ئەم جۆرە لە وەبەرهێنان دەدەن و بە گرنگی دەزانن، چونکە دەبێتە هاندەری کەرتە جیاوازەکانی وڵات و پێشکەوتنی بواری وەبەرهێنان و هەمەجۆریی لە سەرچاوەی ئابووری.

عەلا عەبد حوسەین سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای بەسرە، رایگەیاند "ئەمە یەکەمین کارگەی لە مشێوەیە لە عێراقدا دەکرێتەوە و سیستەمی رۆبۆتی کارگەکە لە ناوازەتەرین و پێشکەوتووترین جۆری سیستەمە لە جیهاندا و لە نەوەی پێنجەمە".

وتیشی، لەقۆناغی یەکەمدا کارگەکە نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن لە ٣٠ جۆر بەرهەمی جیاواز بە کوالێتییەکی بەرز بەرهەم دەهێنێت کە پێداویستی ناوخۆ لە بواری بیناسازیدا پڕدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کارگەکە سەربە کەرتی تایبەتە و ئەوان پاڵپشتی هەر پڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەکەن کە مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٦ی وەبەرهێنانی عێراقی بۆ ساڵی ٢٠٠٦ پێدراوە.













گەلەری