سەردێڕ:

حکومەتى عێراق بڕیاریدا گاز بۆ خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان دابین بکات

PM:07:57:17/05/2023

6076 جار خوێندراوەتەوە

بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، فرۆشگای تایبەت بە فرۆشتنی گاز بە مۆلیدە ئەهلییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمى کوردستان، دەکرێتەوە و گاز بە نرخی بازرگانی دەفرۆشرێت.


نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەدا، موحەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان کۆبوویەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە لە کۆبوونەوەکە دا بڕیاردرا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی وەرزی هاوینەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان، فرۆشگای تایبەت بە فرۆشتنی گاز بە خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەکان بە نرخی بازرگانی بکرێتەوە، لە پێناو دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆیان.

هاوکات داوا کرا لە خاوەن ئەو مۆلیدە ئەهلییانەی تاکو ئێستا ناویان تۆمارنەکراوە، دەتوانن ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو گازە بکڕن کە بەبێ نرخی زیاد کراو دەخرێتەڕوو.

بە گوێرەی ئاماری پەیمانگای وزەی عێراقی، بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی ٤.٥ ملیۆن مۆلیدەی ئەهلی لە عێراق بوونی هەیە و بە رێژەی ناوەندی، هەر خێزانێکی عێراقی مانگانە بڕی ١٠٠ دۆلار لە کارەبای گشتی و کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان خەرج دەکات.













گەلەری