سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق: مەرجە هەموو کۆمپانیا و فەرمانگەکان ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن

PM:06:36:17/05/2023

5484 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق بە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمپانیا ناحکومییەکانی راگەیاند، پابەندبن بە بەکارهێنانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە پڕۆسەی وەرگرتنی پارەدا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەدا، بریکاری وەزیری دارایی و سەرۆکی لیژنەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەگەڵ کۆمەڵێک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکان و بانکەکان و کۆمپانیاکان کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشدراوە، گرنگە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە حکومیەکان و دامەزراوەکان بە گشتی پابەندبن بە بەکارهێنانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکە بریکاری وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بواری چالاکی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوە و بە قاچاغ بردنی پارە هاوکار دەبێت.

بریکاری وەزیری دارایی باسی لەوەشکرد، هەموو دەستە و کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەتی عێراق یان هەر دامەزراوەیەک کە پەیوەندی بە وەرگرتنی پارەوە هەبێت پێویستە پابەند بێت بە بەکارهێنانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی.

هاوکات، وەزارەتی دارایی عێراق لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ پێدانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت بە خۆرایی و بەبێ سود بێت.

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە چەند بەنزینخانەیەکی بەغدا تاقیکراوەتەوە و بەم زوانە لە تەواوی بەغدای پایتەخت و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دابین دەکرێت.

لە رێکەوتی ١٧ی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیستەمی پارەدانی دامودەزگا حکومی و نا حکومیەکان و فرۆشگا و بنکە تەندروستیە تایبەتەکان لە هەموو عێراق دەبێتە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.













گەلەری