سەردێڕ:

بڕیارێکى نوێ لەبارەى بەشە خۆراکى مانگانەى هاوڵاتیانەوە دەدرێت

بریکارێکى دابەش کردنى خۆراک لە یەکێک لە شارەکانى عێراق
PM:02:41:17/05/2023

55288 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى بازرگانیى عێراق رایگەیاند، بڕیارى راگرتنى پسووڵەى بەشەخۆراک، تەنیا بەشەخۆراکى ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مووچەیان لەسەرووى ٢ ملیۆن دینارەوەیە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، موحەممەد حەنون وەزیرى بازرگانى عێراق، رایگەیاند، بڕیارى راگرتنى پسووڵەى بەشە خۆراک، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەسەرووى ٢ ملیۆن دینار و بە سەرەوەیە.

ئەوەشى خستەڕوو، وەزارەتى بازرگانى نووسراوى بۆ سەرجەم وەزارەتەکان کردووەو ئەوان وەڵامیان دەدەنەوە بۆئەوەى دەست بکەن بە جێبەجێ کردنى ئەم بڕیارە.
وەزیرى بازرگانیى عێراق وتیشى، بڕیارەکەى وەزارەتى بازرگانى، هەموو بازرگانێکى تۆمارکراویش دەگرێتەوە، هەروەها بڕیارەک ئەو ئەندازیار و پزیشکانەش دەگرێتەوە کە کۆمپانیا یاخود دەرمان خانەیان هەیە.

لە ئایاری سـاڵی ١٩٩٦ حکومەتی پێشوی عێراقی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێک کەوت لەسەر پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراک و رێژەی ١٣%ی بڕی نەوتەکە بۆ هەرێمی کوردستان بوو ، بە ھاتنی ساڵی ٢٠٠٣‌ و ئازادکردنی عێراق لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەمەریکاوە، پڕۆگرامەکە ٨.٣٥ ملیار دۆلاری لە کوردستاندا خەرج کردبوو.

بە کۆتایھاتنی پڕۆگرامەکە لە کۆتایی ساڵى ٢٠٠٣، چوار ملیار دۆلار لە داھاتی نەوت بەرامبەر خۆراکی حکومەتی ھەرێم بە خەرج نەکراوی مابووەوە و لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دا خەرج کرا.

هەرێمی كوردستان ئێستا نزیكەی یەك ملیۆن خێزان تێیدا فۆرمی خۆراكیان هەیەو بە فەرمی تۆمار كراون، لەو چوارچێوەیەش دەتوانن سوود مەندبن لە وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانەیان.


 













گەلەری