سەردێڕ:

سەرۆکی پێشوی فەڕەنسا بە سێ ساڵ زیندانی کردن سزا درا

نێکۆلاس سارکۆزی سەرۆکی پێشووتری فەڕەنسا لەپێشوازى موعەمەر قەزافى سەرۆکى کۆچ کردوى لیبیا
PM:01:38:17/05/2023

3480 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵاى تاوانەکانى پاریس، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵات سەرۆکی پێشووتری فەڕەنسای بە سێ ساڵ زیندانی سزا دا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فەڕەنسا، نێکۆلا سارکۆزی سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکەى بە سێ ساڵ زیندانی کردن سزا دا بە تۆمەتی بە کارهێنانی دەسەڵات و ئەنجامدانى گەندەڵی.

بە گوێرەی میدیا فەڕەنسیەکان، نیکۆلا سارکۆزی دەتوانێت لە بری ئەوەی بچێتە زیندانەوە، بە ئامێری ئەلیکترۆنیی چاودێری بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی سارکۆزی تانەی لە بڕیاری دادگا داوە لە بارەى ئەو تۆمەتەى رووبەڕووى کراوەتەوە.

هاوکات بە پێی بڕیارەکەی دادگا، سارکۆزی لەم کاتە بە دواوە مافی بەشداری کردنی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا نامێنێت.

سارکۆزی لە ماوەی سەرۆکایەتیدا هەوڵی داوە بە نهێنی زانیارییەکان لە دادوەرەکان وەربگرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، نیکۆلاس سارکۆزی تەمەن ٦٨ ساڵ، لە ساڵی ٢٠٠٧ تاکو ساڵی ٢٠١٢ سەرۆکی فەڕەنسا بووەو چەندین پۆستی دیکەی لە ناو حکومەت هەبووە لەوانە، وەزیری بودجە، وەزیری پەیوەندیەکان، وەزیری دارایی، وتەبێژی حکومەت و وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا.

لە ساڵی ٢٠١٨ تۆمەت بار کرا بە گەندەڵی و پاڵپشتی دارایی نا یاسایی کە وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار بوو لە موعەمەر قەزافی سەرۆکی کۆچ کردوى لیبیا.

هاوکات لە ساڵی ٢٠٢١یشدا، نیکۆلا سارکۆزی بە تۆمەتی گەندەڵی سزای یەک ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندرا.












گەلەری