سەردێڕ:

عێراق ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێم دەنێرێت

PM:12:28:17/05/2023

3748 جار خوێندراوەتەوە

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بە ناردنی ٤٠٠ ملیاری دیکە بۆ هەرێم و لە ئیستادا ٢٠٠ ملیاری خراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.


باسی لەوەشکرد، لەم چەند رۆژەی داهاتووشدا ٢٠٠ ملیارەکەی دیکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.

 

ئەمە سێیەم ٤٠٠ ملیارییە لەماوەی یەک هەفتەدا بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت و پێشتریش فارس عیسا باسی لەوەکردبوو، ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانە و هەرێم سەرپشکە لەوەی بۆ موچەی کام مانگەی دادەنێت.

حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم هەفتەی رابردوو لیستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی راگەیاند و بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، دابەشکردنی موچە لە ١٤ی ئەم مانگەوە بە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکردووە و لە ٣١ی ئایاردا بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

سەرەڕای بەردەستبوونی ٨٠٠ ملیار و داهاتی ناوخۆ و خاڵي سنورییەکان، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لیستی موچەی بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە بە دوو هەفتە موچە دابەشدەکات، بەڵام ئێستا جگە لەو پارەیە، ٤٠٠ ملیاری دیکەش لەبەردەستدایە و هاوڵاتیانیش داوای ئەوە دەکەن، حکومەت لیستی موچە پێشبخات و زووتر موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بدات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، لەو ٤٠٠ ملیار دینارەى کە مانگی ئازار بەغدا رەوانەى هەرێمى کرد بۆ موچە، تەنها ١٠٠ ملیارى دراوە بە موچەى مانگى سێ، بڕی ٣٠٠ ملیارى ماوەتەوە، لەگەڵ ٤٠٠ ملیارى داهاتى ناوخۆ دەکاتە ٧٠٠ ملیار بۆ موچەى مانگى نیسان، هەروەها ٢٩ ملیار دینارى هاوپەیمانان و بڕێکى دیکە لە پارەى نەوتى فرۆشراو ماوەتەوە و ئەو پارانە نزیک دەبنەوە لە ٧٥٠ ملیار دینار و وەزارەتەکە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەى دەستبکات بە دابەشکردنى موچەى مانگى نیسان.

پێشتر وتەبێژی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەڵێنی دابوو بەوەی، ٢٥ی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی موچە بکەن، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی ئایاردان و هێشتا موچەی مانگی نیسان بە تەواوی دابەشنەکراوە.

ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و باس لەوەدەکەن، دابەشکردنی موچە بەم میکانیزمە لەلایەن حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمەوە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.
گۆران عەبدوڵا، بەغدا

هـ.ئـ


 













گەلەری