سەردێڕ:

دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا: بۆ گەڕى دووەمى هەڵبژاردن لە ٧٣ وڵات سندوق دادەنێین

لەکاتى جیاکردنەوەى دەنگەکانى خولى یەکەم دەنگ بە کڵیچدار ئۆغڵو دراوە
PM:09:31:16/05/2023

2848 جار خوێندراوەتەوە

دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا رایگەیاند، بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ٧٣ وڵات سندوق دادەندرێت.


لایخۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر لەبارەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە ٢٨ى ئەم مانگە دووبارە بەڕێوەبچێت، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەى بەوەدا، لە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی نوێنەرایەتیە دیپلۆماتیەکانی تورکیا لە ١٦٧ شوێنى ٧٣ وڵات سندوق دادەنێن.

وەزارەتی دەرەوە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی ٢٠ی ئایار، ١٥١ نوێنەرایەتی دیپلۆماتی تورکیا، لە ١٦٧ خاڵ لە ٧٣ وڵات سندوق دادەنێن و دەنگدان لە دەروازە گومرکییەکانیش لە ٢٠ی ئایار دەست پێدەکات و تاکو ٢٨ی ئایار بەردەوام دەبێت.

هاوکات وەزارەتى دەرەوەى تورکیا راشیگەیاندوە، ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە مافی دەنگدانیان هەیەو لە دەرەوەی تورکیا دەژین، دەتوانن لە رێگای ماڵپەری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانى تورکیاوە زانیاری وەربگرن، لە بارەی چۆنێتی و کات و شوێنی دەنگدانەکە.​​​​​​​

ئەمە لە کاتێکدایە، لە میانەى بەڕێوەچوونى دەنگدانى رۆژى ١٤ى ئەم مانگە، هیچ کام لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدى هاوپەیمانى کۆمارى و کەمال کڵیچدار ئۆغڵو کاندیدى هاوپەیمانى میللەت دەنگى ٥٠ کۆ ١یان بە دەست نەهێنا، تاوەکو کورسى سەرۆکایەتى کۆمار بۆخۆیان یەکلایی بکەنەوە، لەبەرئەوە بە گوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکانى تورکیا، هەر کاندیدێک ئەو رێژەیەى دیاریکراوە تێنەپەڕێنێت، ئەوا هەڵبژاردن دەچێتە خولى دووەم و بە پێى راگەیەندراوەکەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا لە رۆژى ٢٨ى ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت.

هەربە گوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەگەر سێ کاندید یان زیاتر هەبن و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دوو بەهێزترین کاندید نەیانتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنن، ئەوا دەچنە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لە خولی دووەمدا یەکێک لە کاندیدەکان کشایەوە، ئەوا کاندیدی سێیەم دێتە پێشەوەو دەبێتە کاندیدی دووەم و بەشداری لە خولی دووەم دەکات.













گەلەری