سەردێڕ:

باڵیۆزى ئەمەریکا لە بەغدا زانیارى نوێ لەسەر مانەوەى ئەمەریکا لە عێراق ئاشکرا دەکات

ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
PM:09:31:16/05/2023

2516 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق دڵنیایی دا لەوەی کە لە عێراق ناڕۆنە دەرەوەو عێراق بۆیان گرنگە.


ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، رایگەیاند، عێراق گرنگی ستراتیژی هەیە بۆ ئەمەریکا و ساڵێک پێش ئێستا لەسەردانەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بۆ سعوودیە ئەوەی بە روونی وت "کە ئەمەریکا ناوچەکە بەجێناهێڵێت".

رۆمانۆوسکی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ماوەیەکی زۆر هاوکاری ئەم وڵاتانەیان کردووە، لە رووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان و ئەمەریکاش دەیەوێت پەیوەندییەکان قوڵتر ببنەوە، بە تایبەتی لەگەڵ عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک گفتووگۆی لەگەڵ عێراقییەکان کردووە، ئەوە دەردەکەوێت کە نایانەوێت گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا حکوم بکات و دەیانەوێت ئەو گروپانە لە چەک دابماڵدرێن.

وتیشی، ئەو سەقامگیرییەی عێراق سوودی بۆ ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت و دەتواندرێت قەبارەی بازرگانی گەورەتر بکەن.

لەپڕۆسەى روخانى رژێمى بەعسەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاوە لەساڵى ٢٠٠٣ تاوەکو ئەمڕۆ، پەیوەندییەکانى هەردوولا هەورازو نشێوى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە، لەسەرەتاوە ئەمەریکا راستەوخۆو لەرێگەى حاکمى مەدەنى (پۆڵ بریمەر)، عێراقى بەڕێوەدەبرد، دواتر بەڕێوەبردنى عێراق درایە دەست ئەنجوومەنێکى حوکمى بەڕێوەبردن، پێکهاتوو لە هەموو تائیفەو نەتەوەو مەزهەبە جیاوازەکان، ئەمەریکاش راستەوخۆ پشتیوانى ئەم ئەنجوومەنەو دامەزراندنەوەى دام و دەزگا دەوڵەتیەکانى عێراقى دەکرد، ئەوکات واشنتۆن پەیوەندییەکى زۆرباش و راستەوخۆى بە عێراقەوە هەبوو، نزیکەى ١٧٠ هەزار سەربازى لە عێراق هەبوون، بەڵام دواتر دەست تێوەردانى ئێران لە عێراق و چالاک بوونى گرووپە تووندڕەوەکان و بەشداری نەکردنى سووننە لە پڕۆسەى سیاسیدا، مانگى هەنگوینى ئەمەریکاى لە عێراق کۆتایی پێهێنا.

لە ساڵی ٢٠١٤ و بەهۆی سەرهەڵدانی گروپی چەکداری داعشەوە جارێکی دیکە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق زیادکرایەوەو لە هەردوو فڕۆکەخانەی بەغداو هەولێرو چەند ناوچەیەکی دیکەى وەک کەرکوک و هەریر هێزەکانى ئەمەریکا جێگیربوون.

لە کاتی جێگیربوونی هێزەکانى ئەمەریکاوە لە لایەن گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران هێرشی موشەکی بەردەوام دەکرێتە سەر بنکەی سەربازی و باڵیۆزخانەکان.

لەساڵى ٢٠٠٣ کۆمارییەکانى ئەمەریکا بە سەرۆکایەتى جۆرج بوشى کوڕ، لە رێگەى سەربازییەوە کۆتاییان بە رژێمى دیکتاتۆرى سەددام حوسێن لە عێراق هێناو ئەو وڵاتەیان خستە بەردەم قۆناغێکى نوێ کە تاکو ئێستاش درێژەى هەیە.













گەلەری