سەردێڕ:

یەکێتی و پارتی: لەسەر پێشەنگیدان بە مووچەی هاوڵاتیان رێککەوتووین

رێباز بێرکۆتی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرو ئاری هەرسین پەرلەمانتارى پێشوى پارتی لە پەرلەمانى کوردستان
PM:08:46:16/05/2023

3536 جار خوێندراوەتەوە

کادرانی یەکێتی و پارتی بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو حزب رێککەوتن لەسەر یەکخستنەوەی سیستەمی دارایی و پێشخستنی مووچە لە پێش کاروبارەکانی دیکە رێککەوتوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکانیش بە دەست سەرۆکایەتی حزبەکانە.


رێباز بێرکۆتی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ماوەی شەش مانگە هەرێم بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئازادی رادەربڕین و شێوازی کاردانەوە بەرامبەر خۆپیشاندانی خەڵک و مافی مرۆڤ لە هەرێم رەخنەیان لێگیراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر دابەشکردنی زۆنگەکان و دابەشکردنی دارایی و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو بووە، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمجارە زۆربەی پرسەکانیان چارەسەر کردووەو دۆخی سیاسی ئێستا باشە وتیشی، "لەسەر یەکخستنەوەی سیستەمی دارایی و کۆکردنەوەی داهات و یەکخستنەوەی داهات و خەرجکردنی مووچە ببێتە پێشەنگی کارەکان، رێککەوتوون".

رێبازی بێرکۆتی ئەوەشی خستەڕوو، دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف داواکراوە تێکەڵ بە دۆسیەی سیاسی نەکرێت و لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی بۆ دروست بکرێت و یەکێتی بە لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رازی نەبووە.

باسی لەوەشکرد، هەموارکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان پڕۆسەیەکی ئاساییەو بۆ چارەسەکردنی کێشەو گرفتەکان هەندێک جار بە بڕیاری ناوخۆییەو هەندێک جار بە بڕیاری نێودەوڵەتییە.

ئاری هەرسین پەرلەمانتارى پێشوى پارتی لە پەرلەمانى کوردستان، رایگەیاند "تاوتوێکردنی کێشەکان لەلایەن ئەندامانی هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی ئەنجامدەدرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی و جێبەجێکردنی پێشنیارەکان بە دەست مەسعود بازرانی و بافڵ تاڵەبانییە".

ئەمە لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ سێشەممە پاش ساڵێک لە وەستاندنی کۆبوونەوەکان، شاندی پارتی دیموکراتى کوردستان سەردانی شاندی یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستانى کرد لە سلێمانی و لەسەر دۆخی هەرێم بە گشتی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە.













گەلەری