سەردێڕ:

سەرۆکی نوێی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دیارى کرا

یەکەم کۆبوونەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى عێراق بەسەرپەرشتى سەرۆکە نوێیەکە
PM:05:48:16/05/2023

3156 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئەحمەد وەک سەرۆکى نوێى کۆمیسیۆنى سەربەخۆى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دیاری کرا.


ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی کۆمیسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، عومەر ئەحمەد موحەممەد، وەک سەرۆکی نوێی کۆمیسیاران لە جێگای جەلیل عەدنان خەڵەف بە کۆی دەنگ هەڵبژێردراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، فەیاز یاسین حوسێن وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردراوەو هەردووکیان بەکۆی دەنگ متمانەی ئەنجوومەنیان بەدەستهێناوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی ١٩ی نیسانى رابردوو، جەلیل عەدنان خەڵەف دەستی لە پۆستى سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کێشایەوە.

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دەستەیەکى حکومى سەربەخۆیەو لە ژێر چاودێرى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە ٣١ى ئایارى ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوەو هاوکات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەڕێوەی دەبات کە لە نۆ ئەندام پێکدێت و ئەو ئەندامانەى کۆمیسیاران سەرجەمیان کەسانى یاسایین و پلەى دادوەریان هەیە.

هەموو چوار ساڵ جارێک، هەڵبژاردن لە نێوان ئەندامەکان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و ئەو ماوەیە درێژ ناکرێتەوە، ئەنجوومەنەکە لە ١٦ وڵاتی دەرەوەی عێراق نوێنەرایەتیان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراقی لەدەرەوە بێبەش نەبن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.













گەلەری