سەردێڕ:

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هۆکاری کەم ئاوی لە هەولێر ئاشكرا دەکات

دیمەنێک لە شارى هەولێر و یاریگاى فرانسۆ هەریرى
PM:05:34:16/05/2023

3476 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر هۆکارى کێشەى کەم ئاوى لە شارى هەولێر ئاشکرا کردو رایگەیاند، بەهۆى نەبوونى کارەباوەیە ئاوى هەولێر کەمی کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەلێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داوایان لە وەزارەتی کارەبا کردووە بۆ ئەوەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ بیرەکان دابین بکەن و بەوەش بەشێکی کێشەی ئاو چارەسەر دەبێت.

وتیشی، داوایان لە فەرمانگەی ئاو کردووە بۆ ئەوەی فەرمانگەکە، هەولێر دابەشی چوار زۆن بکەن تاكو بتوانن بە ئاسانی بە کاروبارەکان رابگەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاى هەولێر، داوای لە هاوڵاتیان کرد کە دەست بە ئاوەوە بگرن تاکو هەموو هاوڵاتیان ئاویان پێبگات.

لەبارەی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار وتی، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە چارەسەری لە ٩٠%ی کێشەی ئاو دەکات و پڕۆژەی ئاوی گۆمەسپانیش کە دەتواندرێت بە بۆری رابکێشرێت بۆ ناو هەولێر و بەوەش هەولێر چیدی پێویستی بە ئاوی ژێر زەوی نامێنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، هاوڵاتیانی شاری هەولێر، ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەهۆی کەمی ئاوەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.













گەلەری