سەردێڕ:

ئه‌مریكا: ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ی گه‌وره‌ترین پشتیوانی سه‌ربازیی روسیا بێت

AM:12:01:16/05/2023

2128 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، هاوکاریی بەرگریی نێوان روسیا و ئێران زیادیکردووە و ئێران بەردەوامە لەوه‌ی گەورەترین پشتیوانی سەربازیی روسیا بێت.


جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئۆنڵایندا وەڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی دایەوە و رایگەیاند، ئێران درێژه‌ به‌ دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆكه‌وان ده‌دات بۆ روسیا.

باسی لەوەشکرد، ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ روسیا دابینکردووە کە زۆرینه‌یان لە جۆری "شاهید" بوون و دەشڵێت، مۆسکۆ زۆربەی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بۆ کردنە ئامانجی ژێرخانە گرنگەکانی ئۆکرانیا به‌كارهێناوه‌.

کێربی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە فرۆشتنی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتووترانە بە مۆسکۆ، ئه‌وا روسیا درێژه‌ به‌ بەکارهێنانیان له‌دژی ئۆكرانیا ده‌دات.

روونیشیکردەوە، روسیا پشتیوانی مووشەکی، ئەلیکترۆنی و بەرگریی ئاسمانیی له‌ ئێران دەکات و تاران خوازیاره‌ بە بەهای ملیارەها دۆلار کەرەستەی سەربازیی لە مۆسکۆ بكڕێت. هاوبەشی نێوان روسیا و ئێران، بووه‌ته‌ هۆكاری ناسه‌قامگیریی له‌ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها له‌ ئۆکرانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندان جار ئەمریکا ئێرانی بە تۆمەتی فرۆشتنی چەک بە روسیا تۆمەتبار کردووە و رایگەیاند، روسیا و ئەمریکا رۆژانە پەرە بە پەیوەندییە سەربازییەکانیان دەدەن و روسیا دەیەوێت فڕۆکە و چەکی جەنگی بۆ ئێران، تاوەکو هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەهێز بکات













گەلەری