سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری روسیا: مووشەکى "سێبەرى زریان"مان خستە خوارەوە کە دروستکراوى بریتانیایە

مووشەکى ستۆرم شەدۆو کە لە فڕۆکەیەکى جەنگى هێزى ئاسمانى ئۆکرانیا بەستراوە
PM:03:32:15/05/2023

3668 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند دوای دوو رۆژ لە رادەستکردنی موشەکی "ستۆرم شادۆو" کە لەلایەن بریتانیا بە ئۆکرانیا درابوو خرایەخوارەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سیستمی بەرگری دژە موشەکی روسیا حەوت موشەکی لە جۆری "هارم" و موشەکێکی دوور مەودای لە جۆری ستۆرم شادۆوی دروستکراوى بریتانیاو ١٠ موشەکی هایمارسی خستووەتە خوارەوە.

لای خۆیەوە حکومەتی بریتانیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، موشەکی دوورمەودای ناسراو بە ستۆرم شادۆویان بە ئۆکرانیا داوە، ئەمڕۆ بەر لەکۆبوونەوەی نێوان ڤۆڵۆدەمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، حکومەتی بریتانیا جەختی لەوەکردەوە بەمنزیکانە سەدان موشەکی دژەفڕۆکەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکەن.

هاوکارییە سەربازییکانی وڵاتانی ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، دوای راگەیاندنی هێرشی هەڵگەڕاوەی ئۆکرانیەکان دێت بۆ دەرپەڕاندنیان لەوناوچانەی رووسیا داگیریکردون، هاوکات کۆشکی کریملین ئاماژەی بەوەداوە، پێدانی هاوکارییە سەربازییەنی بریتانیا بە ئۆکرانیا دۆخەکە خراپتر دەکات.

لەوچوارچێوەیەش دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی روسیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بریتانیا دەیەوێت خۆی وەک وڵاتێکی پێشەنگ لەلیستی هاریکارییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا نیشان بدات.

وتیشی، پێدانی ئەو کەرەستە سەربازیانە کاریگەری گەورەیان لەسەر ململانێکان نابێت، بەڵام دەبێتەهۆی وێرانکارییەکی زیاترو ئێمەش ئەوە بە خاڵێکی نەرێنی دەبینین.

لەساڵی ٢٠٢٢دا بریتانیا بەبڕی ٢,٣ ملیار جونەیی ئیستەرلینی (پاوەندی بەریتانی) هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکرانیا کردو بەڵێنیدا، بەردەوامبێت لەگەیاندنی هاوکارییەکان.













گەلەری