وەزیری کوشتوکاڵی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، سەرجەم جۆرەکانی گەنم بەبێ پلەبەندی بەهەمان نرخ لە جوتیاران وەردەگیرێت.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لەناڤینى رۆژى ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەبەردەوامی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەپەیوەندیدابوون بۆئەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکاندا وەربگیرێت.
وتیشی، ئەو نرخەی عێراق دەیدات بەراورد بەونرخەی لە بۆرسەی جیهانیدا
هەیە نرخێکی بەرزەو بڕی یەک تۆن گەنم بەرامبەر ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران
وەردەگرێت.
ساڵانە رووبەرێکی زۆری زەوییەکانی هەرێمی کوردستان بە گەنم دەچێندرێت
و بەرهەمهێنانی گەنم لەئاستێکی بەرزدایەو ئەمساڵیش بەهۆی بارینی رێژەیەکی زۆری
بارانەوە ئاستی بەرهەمی گەنم بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیاد دەکات و کوالیتیشی
باشتردەبێ، وەزیرى کشتوکاڵ وایوت.
بێگەر تاڵەبانى باسی لەوەکرد، ئەوان بەگوێرەی رۆژژمێری کشتوکاڵی و
بڕی بەرهەمی جوتیاران بەگوێرەی ئەو داتاو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی
کشتوکاڵی پارێزگاکان پێیان دەگات باج لەسەر بەرهەمی هاوردە دادەنێن، بۆئەوەی
هاوکاری جوتیارانی هەرێم بکرێت، هەروەها قەدغە دەخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی کە
لەناوخۆدا زیاد لەپێویست بەرهەمهاتوون بۆئەوەی بتواندرێت ساغ بکرێنەوە.
ئەوەشیخستەڕوو، بڕیارە ئەمساڵ پلە بەندی بۆ گەنم نەکرێت و هەموو
جۆرەکانی گەنم بەهەمان نرخ وەربگیرێت ئەوەش بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراقەو
پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە نییە.
لەبارەى گرفتی کێڵگە پەلکەوەرییەکان باسی لەوەکرد، لەگەڵ وەزارەتی
کشتوکاڵی حکومەتی عێراق لیژنەیەکی هاوبەشیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکان
دروستکردووەو خاوەنی کێڵگە پەلکەوەرییەکان ئەندامیان لەلیژنەکەدا هەیەو لەدوو رۆژی
داهاتوودا بەمەبەستی رێککەوتنی تەواوی لیژنەی کشتوکاڵی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات
بۆئەوەى میکانیزمێک بۆ بەبازاڕکردنی مریشک دابندرێت.