سەردێڕ:

بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاست دابەزی

PM:01:53:15/05/2023

18256 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لەکاتى کردنەوەى بۆڕسەى دراوەکان لە تورکیا، لیرەی تورکی نزمترین ئاستی تۆمارکردو بەهاى یەک دۆلار بە ١٩.٧٠ لیرە مامەڵەى پێوەدەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاى تورکى بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیاو دەستپێکردنی بازرگانی و مامەڵە داراییەکان لەیەک رۆژى دەستپێکى دەوامدا، لیرەی تورکی نزمترین ئاستی بەهاکەی لە دوو مانگی رابردوودا تۆمارکرد.

هەر بەگوێرەى هەواڵى میدیى تورکیا، بەهای لیرەی تورکی بۆ ١٩.٧٠ لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا دابەزی ئەم دابەزینەی بەهای لیرەی تورکی لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە بەمشێوەیە نەبووەو نزیکبوەتەوە لەو ئاستەی، لەدوای روودانی بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ بەخۆیەوە بینی و ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٩٨٠ لیرە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٥٪ی بەهاکەی لەدەستداوەو لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا ٩٥٪ی بەهاکەی لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئەنجامە راگەیەندراوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کێبەڕکێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵیچدار ئۆغلو دەچێتە قۆناغی دووەمەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکی، دوای جیاکردنەوەی ٩٩.٣٨ی دەنگەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان رێژەی ٤٩.٢٤ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵیچدار ئۆغلوی رکابەری ٤٥.٠٦ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.













گەلەری