سەردێڕ:

پرۆسەی دەنگدان لە تورکیا کۆتاییهات

PM:05:03:14/05/2023

6668 جار خوێندراوەتەوە

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کۆتاییهات و راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت.


بەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بە رووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوام بوو.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ـەم خولی پەرلەمانە، تێیدا بازنەکانی دەنگدان بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا پێنج هاوپەیمانی بەشدارییان کرد، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار لە هەریەک لە پارتی داد و گەشە و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەکبوونی گەورە و پارتی رەفای نوێ پێکهاتووە. هەروەها هەریەکە لە هودا پار، کە پارتێکی ئیسلامی کوردییە و پارتی چەپی دیموکرات پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن.

دووەم: هاوپەیمانی میللـەت کە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و بە توندی ململانێی ئەردۆغان دەکات، لە هەریەک لە پارتەکانی گەلی کۆماری و نوێ و ئایندە و سەعادەت و دەوا ودیموکرات پێکهاتووە. سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دەکەن.

سێیەم: هاوپەیمانی تێکۆشان و ئازادی کە هەریەک لە پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، کە بۆ ئەوەی لە قەدەغەکردن رزگاری بێت بەناوی "پارتی چەپی سەوز" بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و خاوەنداری هاوپەیمانێتییە دەکات و لەگەڵ پارتی کاری تورکی بە پشتیوانی پارتە چەپە کوردییەکان هاوپەیمانێتییەکەی پێکهێناوە، لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی ئەوانیشە.

چوارەم: هاوپەیمانی ئاتا "باوان" لە پارتی ئازادی و پارتی سەرکەوتن کە ئومێد ئۆزداغ سەرۆکایەتی دەکات، پێکهاتووە.

پێنجەم: هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆشیالیزمەکان لە پارتی بزوتنەوەی شیوعی و پارتی تورکی شیوعی و پارتی چەپ پێکهاتووە.

سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیادا:

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

سیستمی "هۆندنت" ئەو سیستمەی ڤیکتۆر هۆندت بیرکاریزانی بەلیجیکی دایهێناوە کە بریتییە لە دابەشکردنی دەنگی دەنگدەران بەسەر پارتە بەشداربووەکانی هەر بازنەیەک بەشێوەیەکی سەربەخۆ کە لە ژمارە یەکەوە دەستپێدەکات تا کۆتا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارەی پێویستە لەو بازنەیەدا دەربچێت.

ئەم سیستمە بە سیستمی "رێژە"ش ناسراوە و جگە لە تورکیا چەند وڵاتێکی دیکەش لە جیهاندا پەیڕەوی دەکەن کە لەناویاندا وڵاتی ئەوروپیش هەن.

بە گوێرەی سیستمی "هۆندت" پێویستە هەرپارتێک بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، بەڵام ساڵی رابردوو رێژەکە لە تورکیا هەموار کرایەوە و کەمکرایەوە بۆ رێژەی ٧٪. بەو پێیەش هەر پارتێک یان هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەربەستی ٧٪ تێپەڕینێت ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

هاوکات، کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماریش پێویستە زیاتر ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بکات تا بتوانێت ببێتە سەرۆکی وڵات.

هەربەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر سێ کاندید یان زیاتر هەبن و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دوو بەهێزترین کاندید نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا دەچنە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لە خولی دووەمدا یەکێک لە کاندیدەکان کشایەوە، ئەوا کاندیدی سێیەم دێتە پێشەوە و دەبێتە کاندیدی دووەم و بەشداری لە خولی دووەم دەکات.

کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا

پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە هەریەک لە ئەستەنبوڵ ٨٩ پەرلەمانتار، ئەنقەرە ٣٦ پەرلەمانتار، ئیزمیر ٢٨ پەرلەمانتار، بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار، ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار، ئەدەنا ١٥ پەرلەمانتار، کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.

بە گوێرەی راپرسییەکانی ئەم دواییانە لە تورکیا ئەنجامدرا، ئەردۆغان و کلیچدار ئۆغڵۆ دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون و بە تێکڕا حەوت راپرسی لە مانگی نیساندا ئەنجام دراوە و بەپێی راپرسییەکان لە ٥٠.٣٪ی دەنگەکان بۆ کلیچدار ئۆغڵۆیە و لە ٤٩.٧٪ی دەنگەکانیش بۆ ئەردۆغانە ئەوەش بە پێی راپۆرتی middle east eye بەریتانی.













گەلەری