سەرۆکی مەهەپە و هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شاری ئەنقەرە دەنگیداو لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوەدا، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرە و هیوای سەرکەوتنی بۆ لایەنە سیاسییەکان خواست. دەشڵێت، "تا دوا سات چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دەکەین".
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و هاوپەیمانی سەرەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی "هاوپەیمانی کۆمار"دا ئاماژەی بەوەدا، "دەبینین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرە، بەختێکی باش بۆ میللەتەکەمان و هیوای سەرکەوتن بۆ لایەنە سیاسییەکانمان دەخوازم".
وتیشی، "خوای گەورە سەرکەوتنمان پێببەخشێت، ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێ گەیاند
کە ئەمڕۆ دەنگ بدەین، هەڵبژاردنێکی گرنگە لە ژیانی سیاسی تورکیادا".
دەوڵەت باخچەلی ئەوەشی ئاشکرا
کرد، کە لەبارەگای سەرەکی پارتەکەیەوە لە ئەنقەرە تا دوا سات چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دەکەن.
دەشڵێت، ئەمڕۆ ھەڵبژاردنێكى گرنگ لە مێژووى سياسى توركيا بەڕێوەدەچێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی
٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، لەو
رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە
لەناوخۆی تورکیادا بە 'هەڵبژاردنی سەدە' ناودەبرێت.
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و
لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە.
ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا بازنەکانی دەنگدان
بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش
١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە کە تیایدا ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ
١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.
ململانێیەکی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ
هەیە لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە
پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردووە.
لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاریگەری بەرچاوی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی
نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی و پارسەنگ کردنی تەرازووی هێز لەنێوان حزبی دەسەڵات
و ئۆپۆزسیۆندا.
پارتی دیموکراتی گەلان'هەدەپە' بە بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی دادەنرێت
و لە ئێستادا لەژێر ناوی پارتی سەوزدا پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکات.
هەروەها، بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەماوەی رابردودا لە تورکیا ئەنجامدراون،
دەنگەکەکانی کەمال کیلچدارئۆغلو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە پێش دەنگەکانی رەجەب
تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری ئێستا و کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپەوەیە.