سەردێڕ:

کلیچدار ئۆغلۆ: بیری دیموکراسیمان دەکرد

PM:12:14:14/05/2023

3480 جار خوێندراوەتەوە

کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و کاندیدی هاوپەیمانی میلەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە ئەنقەرە دەنگیدا و لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دیموکراسی بۆ تورکیا گرنگە و ئێمە بیری دیموکراسیمان دەکرد".


کەمال کیلچدارئۆغلۆ، کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە بنکەیەکی دەنگدان لە ئەنقەرە دەنگیدا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "دیموکراسی بۆ تورکیا گرنگە و ئێمە بیری دیموکراسیمان دەکرد".

لە درێژەی قسەکانیدا کلیچدار ئۆغلۆ رووی لە هاوڵاتییان و دەنگدەران کرد و وتی، "رێز و حورمەتم هەیە بۆتان، دیموکراسی بۆ ئێمە گرنگە، دیموکراسی بۆ تورکیا گرنگە و ئێمە بیری دیموکراسیمان دەکرد، پشت بەخوا بەهار روو لە وڵاتەکەمان دەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە لەناوخۆی تورکیادا بە 'هەڵبژاردنی سەدە' ناودەبرێت.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا بازنەکانی دەنگدان بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە کە تیایدا ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

ململانێیەکی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەیە لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردووە.

لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاریگەری بەرچاوی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی و پارسەنگ کردنی تەرازووی هێز لەنێوان حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

پارتی دیموکراتی گەلان'هەدەپە' بە بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی دادەنرێت و لە ئێستادا لەژێر ناوی پارتی سەوزدا پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکات.

هەروەها، بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەماوەی رابردودا لە تورکیا ئەنجامدراون، دەنگەکەکانی کەمال کیلچدارئۆغلو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە پێش دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری ئێستا و کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپەوەیە.













گەلەری