سەردێڕ:

هاوسەرۆکی هەدەپە: چاومان لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە ئەمشەو قەدەری تورکیا بگۆڕێت

AM:09:31:14/05/2023

3512 جار خوێندراوەتەوە

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە، کە سەرۆکی پارتی چەپی سەوزیشە، لە شاری وان لە باکوری کوردستان دەنگیدا و رایگەیاند، "هیوادارین گۆڕانکاریی لە تورکیا رووبدات". دەشڵێت، "چاویان لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە ئمەشەو قەدەری تورکیا بگۆڕێت".


پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە شاری وان لە باکوری کوردستان دەنگیدا و لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "هیوادارین گۆڕانکاریی لە تورکیا رووبدات".

 

وتیشی، لە تورکیا گەلێک کاری نادروست روویداوە بۆیە هیوادارن ئەمڕۆژە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو ستەمەی کراوە.

پەروین بوڵدان، کە لە ئێستادا سەرۆکی پاری چەپی سەوزە، ئەوەشی خستەڕوو، "سیستەمێکی خراپ هەیە و دەبێت ئەمڕۆ ئەم سیستەمە لابدەین و کۆتایی پێبهێنین".

ئاماژەی بەوەشدا، ماوەیەکی درێژە کاردەکەن بۆ هەڵبژاردن، بەگشتی ئەمڕۆ خەڵکی لە تورکیا دەنگدەدەن، هیوای خواست دەنگی هاوڵاتییان بۆ ئارامی و ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەی بێت.

دەشڵێت، "چاوی ئێمە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و هیوایەکی گەورەمان هەیە هەرکەسێک کە لە تورکیا دەژی دەبێت ئەو هیوایەی هەبێت".

باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت هاوڵاتییان دەنگی خۆیان بۆ ئاشتی و ئارامی و برایەتی بدەن و دەنگەکانیان ببێتە مایەی خێر، چاوەڕوانن ئەمشەو قەدەری تورکیا بگۆڕدرێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە لەناوخۆی تورکیادا بە 'هەڵبژاردنی سەدە' ناودەبرێت.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا بازنەکانی دەنگدان بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە کە تیایدا ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

ململانێیەکی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەیە لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردووە.

لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاریگەری بەرچاوی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی و پارسەنگ کردنی تەرازووی هێز لەنێوان حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

پارتی دیموکراتی گەلان'هەدەپە' بە بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی دادەنرێت و لە ئێستادا لەژێر ناوی پارتی سەوزدا پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکات.













گەلەری