سەردێڕ:

ئەردۆغان: ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆن هەوڵی روخاندنم دەدەن

PM:11:58:13/05/2023

2284 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئەمریکا و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان شکستی پێبهنێن. دەشڵێت، "سبەینێ وەڵامی بایدن دەدەمەوە."


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە کۆتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆی لە ئەستەنبوڵ رایگەیاند، ئەمریکا هەوڵدەدات شکستی پێبهێنێت و ئەوە بە باشی دەزانێت و گەلەکەشی شایەتی بۆ دەدەن.

هاوکات رەخنەی لە وتەکانی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ گرت لەو کاتەی لە یەکێک لە وتارەکانیدا دژی روسیا وەستایەوە و ئەردۆغان وتیشی، "لە کەرتەکانی کشتوکاڵدا روسیا هاوپەیمانی سەرەکیمانە."

جێگای ئاماژەیە، چەند رۆژێک لەمەوبەر کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی میلەت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، "هاوشانی ئەوروپا لە سزادانی روسیا بەشدار دەبین و تورکیا دەکەینە یەکێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا".

لە لایەکی دیکە وتیشی، "نابێت روسیا دەستێوەردان بکات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکەی."

ئەمەش لە کاتێکدایە، سبەینێ ١٤ى ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزارو ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزارو ٦٧١ دەنگدەر لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیەو لەکۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداریدەکەن کە یەکەمجارە دەنگدەدەن.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تاکو بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری