سەردێڕ:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: پێویستمان بەساڵێکە بۆ ئەنجامدانى سەرژمێرى دانیشتوان

PM:03:23:13/05/2023

1756 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پێویستیان بەماوەی ساڵێک هەیە بۆ سەرژمێری دانیشتوان و ٣٥٠ ملیار دیناری تێچووەکەى دەبێت.


ئەمڕۆ شەممە، عەبدولزوهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، روونیکردەوە، وەزارەت داوایانکردووە بڕی ٣٥٠ ملیار دیناریان بۆ تەرخانبکرێت وەک خەرجی سەرژمێری و پێویستیان بەماوەیەکە کەمتر نەبێت لەساڵێک بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە.

ئاماژەی بەوەداوە، دواکەوتنی پڕۆژەیاسایی بودجە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەرژمێری دروستکردووەو بووەتە هۆی دواکەوتنی سەرژمێری دانیشتوان.

بەپێی دوایین ئامار کە لەسەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ هەزار و ٨٨٣ کەسە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی ٢٦ ساڵە سەرژمێری لەعێراقدا ئەنجامنەدراوەو دوایینجار لەساڵی ١٩٩٧ سەرژمێری ئەنجامدرا کە ژمارەى ئەوکاتى دانیشتوانى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان ١٩ ملیۆن و ١٨٤ هەزار و ٥٤٣ کەس بووە.

لە ١٩٢٧ەوە تاکو ساڵی ١٩٩٧ عێراق تەنیا هەشت جار سەرژمێری دانیشتوان ئەنجامدراوە.

ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان جگە لەدەرخستنی تێکڕای تەمەن و ئاین و رەگەز بنەمایەکی سەرەکیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.












گەلەری