زیاتر لە ٦٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، لەنامەیەکدا داوایەکی سەیر لە جۆو بایدن دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، بەکاتى واشنتن، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لەنامەیەکدا کە ٦١ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەبەرەی کۆمارییەکان واژۆیان لەسەر کردووە داوا لە جۆو بایدن سەرۆکى وڵاتەکەیان دەکەن، ئاستی عەقڵی و هۆشیاری خۆی تاقیبکاتەوەو ئەنجامەکەشی بۆ رایگشتی بخاتەڕوو.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس داواشدەکەن جۆو بایدن دووربکەوێتەوە لەوەی جارێکی دیکە
خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتى کاندید بکاتەوە.
لەنامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لەوکاتەوە بایدن بووە بە سەرۆک، کۆمارییەکان
سێ جار داواکاری هاوشێوەیان پێشکەشکردووە بەڵام هەموویان پشتگوێخراون.
لەنامەکەی ئەندامانی کۆنگرێسى ئەمەریکادا ئەوەشخراوەتەڕوو، لەراستیدا جۆو بایدن
لەساڵەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٣دا پکشکنینی لاشەی بۆ کراوەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەبووە
دەریبخات هیچ جۆرە پشکنینێکی عەقڵی بۆ کرابێت.
داواکاری کۆمارییەکان لەکاتێکدایە، جۆو بایدن تەمەنی گەیشتووەتە ٨٠ ساڵ و بەتەمەنترین
سەرۆکە لەمێژووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو ئەگەر جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی
سەرۆکایەتی وڵاتەکەى، لەهەڵبژاردنەکانی ساڵى ٢٠٢٤دا کاندیدبکاتەوەو سەرکەوتن
بەدەستبهێنێت ئەوا هەتا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەو وڵاتە تەمەنی دەبێتە ٨٦
ساڵ.
هاوکات، لایخۆیەوە جۆو بایدن لەماوەکانىی رابردوو
رایگەیاندبوو، ئەو لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمەریکادا راستگۆیەو ئەگەر هەر گرفتێکی
تەندروستی هەبێت بۆ خەڵکی ئاشکرا دەکات.