سەردێڕ:

سبەینێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت

AM:09:02:13/05/2023

4608 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ ١٤ـی ئایار؛ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت، کە ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٦٧١ دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە.


لە کۆی گشتی دەنگدەران پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری دەکەن کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

گەورەترین ئەو حزبانەی بەشدارن لە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی تورکیا ئەمانەن: پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی کۆماری، جوڵانەوەی نەتەوەیی.

لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا ئەنجومەنی ئەوروپا ٣٥٠ چاودێری نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کاندید کردبوو، کە دوو رۆژ لەمەوبەر یەکێک لە کاندیدەکان بە ناوی موحەرەم ئینجەی سەرۆکی پارتی وڵات کشانەوەی خۆی راگەیاند و رکابەریی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و کەمال کلیچدار ئۆغڵودا هەیە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا پێنج هاوپەیمانی بەشداری دەکەن

ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار لە هەریەک لە پارتی داد و گەشە و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەکبوونی گەورە و پارتی رەفای نوێ پێکهاتووە. هەروەها هەریەکە لە هودا پار، کە پارتێکی ئیسلامی کوردییە و پارتی چەپی دیموکرات پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن.

دووەم: هاوپەیمانی میللـەت کە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و بە توندی ململانێی ئەردۆغان دەکات، لە هەریەک لە پارتەکانی گەلی کۆماری و نوێ و ئایندە و سەعادەت و دەوا ودیموکرات پێکهاتووە. سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دەکەن.

سێیەم: هاوپەیمانی تێکۆشان و ئازادی کە هەریەک لە پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، کە بۆ ئەوەی لە قەدەغەکردن رزگاری بێت بەناوی "پارتی چەپی سەوز" بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و خاوەنداری هاپەیمانێتییە دەکات و لەگەڵ پارتی کاری تورکی بە پشتیوانی پارتە چەپە کوردییەکان هاوپەیمانێتییەکەی پێکهێناوە، لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی ئەوانیشە.

چوارەم: هاوپەیمانی ئاتا "باوان" لە پارتی ئازادی و پارتی سەرکەوتن کە ئومێد ئۆزداغ سەرۆکایەتی دەکات، پێکهاتووە.

پێنجەم: هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆشیالیزمەکان لە پارتی بزوتنەوەی شیوعی و پارتی تورکی شیوعی و پارتی چەپ پێکهاتووە.

هەروەها، کاندیدی هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدن "ئاکاپارتی" دەسەڵات و سەرۆککۆماری ئێستای تورکیایە.

لە بەرامبەردا، کاندیدی هاوپەیمانی میللەت کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆمارییە کە بەهێزترین رکابەری ئەردۆغانە و بەرەی ئۆپۆزسیۆن پێکدەهێنێت.

سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیادا:

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

سیستمی "هۆندنت" ئەو سیستمەی ڤیکتۆر هۆندت بیرکاریزانی بەلیجیکی دایهێناوە کە بریتییە لە دابەشکردنی دەنگی دەنگدەران بەسەر پارتە بەشداربووەکانی هەر بازنەیەک بەشێوەیەکی سەربەخۆ کە لە ژمارە یەکەوە دەستپێدەکات تا کۆتا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارەی پێویستە لەو بازنەیەدا دەربچێت.

ئەم سیستمە بە سیستمی "رێژە"ش ناسراوە و جگە لە تورکیا چەند وڵاتێکی دیکەش لە جیهاندا پەیڕەوی دەکەن کە لەناویاندا وڵاتی ئەوروپیش هەن.

بە گوێرەی سیستمی "هۆندت" پێویستە هەرپارتێک بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، بەڵام ساڵی رابردوو رێژەکە لە تورکیا هەموار کرایەوە و کەمکرایەوە بۆ رێژەی ٧٪. بەو پێیەش هەر پارتێک یان هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەربەستی ٧٪ تێپەڕینێت ناتوانێت بچێت پەرلەمانەوە.

هاوکات، کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماریش پێویستە زیاتر ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بکات تا بتوانێت ببێتە سەرۆکی وڵات.

هەربەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر سێ کاندید یان زیاتر هەبن و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دوو بەهێزترین کاندید نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا دەچنە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لە خولی دووەمدا یەکێک لە کاندیدەکان کشایەوە، ئەوا کاندیدی سێیەم دێتە پێشەوە و دەبێتە کاندیدی دووەم و بەشداری لە خولی دووەم دەکات.

کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا

پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە هەریەک لە ئەستەنبوڵ ٨٩ پەرلەمانتار، ئەنقەرە ٣٦ پەرلەمانتار، ئیزمیر ٢٨ پەرلەمانتار، بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار، ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار، ئەدەنا ١٥ پەرلەمانتار، کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.

بە گوێرەی راپرسییەکانی ئەم دواییانە لە تورکیا، ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵۆ دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکن و بە تێکڕا حەوت راپرسی لە مانگی نیساندا ئەنجام دراوە و بەپێی راپرسییەکان لە ٥٠.٣٪ی دەنگەکان بۆ کلیچدارئۆغڵۆیە و لە ٤٩.٧٪ی دەنگەکانیش بۆ ئەردۆغانە ئەوەش بە پێی راپۆرتی middle east eye بەریتانی.
هـ.ئـ













گەلەری