سەردێڕ:

بۆ چارەسەری جەنگی ئۆکرانیا و روسیا؛ چین هەوڵەکانی دەستپێدەکات

PM:05:35:12/05/2023

1828 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، نێردەی تایبەتی حکومەتەکەی بۆ کاروباری ئۆراسیا گەشتێک بۆ روسیا و ئۆکرانیا و پۆڵەندا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئۆکرانیا دەستپێدەکات.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی چین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە رۆژی ١٥ی ئەم مانگەوە لی هوی نێردەی تایبەتی حکومەتی چین بۆ کاروباری ئۆراسیا گەشتێک بۆ روسیا و ئۆکرانیا و پۆڵەندا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئۆکرانیا دەستپێدەکات.

ئاماژە بەوەشدراوە، چین ئامادەیە لە رۆڵی بنیاتنەر لە گەیشتن بە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی و رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخی ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چین بە توندی لە پێناو ئاشتیدا وەستاوە و داکۆکی لێدەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا چین پلانێکی ١٢ خاڵی راگەیاند بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا و ئۆکرانیاش وتی، خاڵی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ چین بۆ ئاشتی بەڵام خۆیان مەرجەکانی ئاشتی دادەنێن نەک چین.

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ سوپای روسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ئەو وڵاتە هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکو ئێستاش جەنگ بەردەوامە، لە سەرەتای جەنگدا شاندی دانوستانی هەردوو وڵات چەندان جار لە وڵاتی بێلاروسیا کۆبوونەوە و روسیا داوای دەکرد ئۆکرانیا داواکاریی بە ئەندامبوونی لە ناتۆ بکشێنێتەوە تاوەکو ئاشتی بەرقەرار بێت و ئۆکراینیاش رەتیدەکردەوە، دواتر روسیا داوایکرد لەپێناو ئاشتیدا ئۆکرانیا دان بە روسیادا بنێت وەک خاوەنی ئەو ناوچانەی کە سوپای ئەو وڵاتەی تێدایە و ئۆکرانیاش باسی لەوەکرد سازش لە زەوییەکانی ناکات.













گەلەری