سەردێڕ:

جێگری کڵیجدار ئۆغلۆ: ئەگەر سەرکەوین بەڵێنی سەردەمێکی نوێ بە گەلانی تورکیا دەدەین

PM:03:15:12/05/2023

1668 جار خوێندراوەتەوە

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنن ئەوا ئەو زیانانەی لە ماوەی حوکمڕانیدا بەر مافەکانی مرۆڤ کەوتووە چاکی دەکەنەوە و بەڵێنی سەردەمێکی نوێ بۆ دیموکراسی و ئازادییەکان بە گەلانی تورکیا دەدەن.


گۆکچە گۆکچەن، جێگری سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی ئۆپۆزسیۆن "جەهەپە" لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، "ئەگەر دەسەڵات بگرینە دەست، ئەوا هەمووان دەتوانن بە ئازادی قسە دەکەن و دەکرێت رەخنەی توندمان لێیبگیرێت".

دەشڵێت، سەرنج دەخەنە سەر بنیاتنانی دیموکراسییەکی فرەیی، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن لە تورکیا، رێوشوێنی هەمەلایەنە دەگرنەبەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیچ رژێمێکی تاکڕەو سەرهەڵنەداتەوە.

گۆکچە گۆکچەن ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتێک بە سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن گۆڕانکارییەکان دەخاتەڕوو، لەنێویاندا هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری، کۆتاییهێنان بە داوای یاسایی بە پاڵنەرە سیاسییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، تورکیایەک بە سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش دەگرێت، کە ئەردۆغان لەگەڵیدا پێکدادانی هەبووە، بەتایبەتی لەسەر دۆسیەی "عوسمان کاڤالا".

ئەمە لەکاتێکدایە، عوسمان کاڤالا چالاکوانێکی مەدەنی بوو، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەت لە رێگەی دابینکردنی دارایی بۆ ناڕەزایەتییەکان، بۆ هەتا هەتایە زیندانی کرا. وڵاتانی رۆژئاوا وه ک دۆسیه یه کی سیاسی ناودێریان کردووە.

لەگەڵ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رووبەڕووی سەختترین تاقیکردنەوە بووەتەوە تا ئێستا لە سندوقی دەنگداندا، داکۆکیکارانی مافەکان هیوادارن شکستەکەی هێڵێک لە ژێر سەردەمێکدا بکێشێت کە بە وتەی خۆیان سەربەخۆیی دادوەری و ئازادی قسەکردن سنووردار کراوە و رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران زیندانیکراون.

بڕیارە لە ١٤ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزارو ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیەو لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزارو ٦٧١ دەنگدەر لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیەو لەکۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداریدەکەن کە یەکەمجارە دەنگدەدەن.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تاکو بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری