بەهۆی پێکدادانی نۆ ئۆتۆمبێل کە دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی هاتوچۆ و دوو پیکاب و تڕێلەیەک و چوار ئۆتۆمبێلی لە قەزای پۆزانتی سەر بە پارێزگای ئەدەنا، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆ بڵاویکردەوە، لەسەر رێگای ئەدەنا-پۆزانتی بە ئاراستەی ئەنقەرە، تڕێلەیەک بە هۆکارێکی نادیار گڕی گرت. لەو کاتەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدابوون، لەسەر رێگاکە زنجیرە رووداوێکی هاتوچۆ روویدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی
٥٠ مەتر لە دووری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوو پیکاب و تڕێلەیەک و چوار ئۆتۆمبێل و
دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی هاتوچۆ بە هۆکارێکی نادیار، بەریەککەوتن و بەهۆیەوە ماوەیەک
رێگا سەرەکییەکە داخرا.
ئاژانسەکە ئەوەشی
خستووەتەڕوو، دوای رووداوەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، تەندروستی و پۆلیس رەوانەی
شوێنی رووداوەکە کران.
بەگوێرەی هەواڵەکەی
ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەهۆی رووداوەکەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش
بریندار بوون. بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواستراونەوە بۆ نەخۆشخانە.
لایخۆیەوە، سولەیمان ئەلبان
پارێزگاری ئەدەنا و فاتیح کارامەحمود قائیمقامی
قەزای پۆزانتی و مستەفا چای سەرۆکی شارەوانی پۆزانتی، چونە شوێنی رووداوەکە و زانیارییان
لەبارەی رووداوەکەوە وەرگرت.