سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا لە شاری جدەی سعودییە و بە سەر پەرشتی ئەو وڵاتە و ئەمریکا رێککەوتنی سەرەتایی نێوانیان واژۆکرد.
میدیاکانی سودان بڵاویانکردەوە، هەریەک لە سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا پابەندبوونی خۆیان بۆ کارئاسانی کردن بە ئامانجی گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکان و پڕکردنەوەی پێداویستی هاوڵاتییانی سیڤیڵ دەربڕیوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، هەردوولا جەختییان
کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونیان بە گەرەنتی کردنی پاراستی هاوڵاتییانی سیڤیل و
دابینکردنی رێگەی پارێزراو بۆ دەرچوونیان
لەو ناوچانەی ناکۆکییان تێدایە.
لە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان
سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا:
١-کارئاسانی کردن و دابینکردنی رێڕەوی
پارێزراو بۆ ئەو کەسانەی سەرقاڵی کاری مرۆیین.
٢-پابەندبوون بە سەروەری سودان و پاراستنی
یەکپارچەیی خاکەکەیی و ئاسایشی وڵات.
٣-بەرژەوەندی و پاراستنی گەلی سودان ئەرکی
لە پێشینە و سەرەکییانە.
٤-پاراستنی سەرجەم دامودەزگا گشتی و
دامەزراوە تایبەتەکان لە سودان و رێگریکردن لەبەکارهێنیان بەمەبەستی سەربازی.
٥- پشتبەستن بە گرتنەبەری سەرجەم
رێکارەکان و ئاسانکاری بۆ رێکخستنی هەموو ئەو پرۆسانەی پەیوەستن بە کاری مرۆیی و
فریاگوزارییەوە لە سودان.
٦- پابەند بوون بە میدیاوە بەشێوەیەک کاریگەری
نەرێنی نەکاتە سەر دۆخی یاسایی و ئاسایش و سیاسیی ئەو لایەنانەی رێککەوتنەکەیان
واژۆکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە
شاندی باڵای سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا بە سەرپەرشتی ئەمریکا و سعودییە لە
شاری جدەی ئەو وڵاتە سەرقاڵی کۆبوونەوەکانیانن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو
ناکۆکییانەی ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لە نێوانیاندا سەری هەڵداوە و کردنەوەی
رێڕەوی مرۆییە بۆ گەیاندنی پێداویستی و یارمەتییەکان بە هاوڵاتییانی سیڤیل و
درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان لایەنە ناکۆکەکانە لە سودان.