سەردێڕ:

ئیتاڵیا باندێکی قاچاخچی کۆچبەرانی دەستگیرکرد کە زۆرینەیان کوردن

PM:10:52:11/05/2023

2532 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی ئیتاڵیا رایگەیاند، لەدوای چوار ساڵ گەڕان و هەوڵدان باندێکی قاچاخچییان دەستگیرکردووە کە لە ٢٩ کەس پێکدێت و زۆرینەی سەرکردەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و کۆچبەرانیان لە رێگای تورکیا و یۆنانەوە گواستووەتەوە بۆ ئیتاڵیا و وڵاتانی ئەوروپا.


پۆلیسی کالابێرای ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لەدوای چوار ساڵ گەڕان و هەوڵدان باندێکی قاچاخچییان دەستگیرکردووە، کە زۆرینەی سەرکردەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و کۆچبەرانیان لە رێگای تورکیا و یۆنانەوە گواستووەتەوە بۆ ئیتاڵیا و وڵاتانی ئەوروپا.

دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ و بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە هەماهەنگیان لەگەڵ ئەنتەرپوڵ و ئیورۆپۆڵ و هێزەکانی تورکیا و یۆنان و بەلجیکا و ئەڵمانیا و سویسرا و بەریتانیا و مەغریب کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەر کۆچبەرێک نزیکەی ١٥ هەزار دۆلاری داوە بە باندەکە بۆ ئەوەی بیگەیەننە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا، پارەکەش بە چەند جارێک دراوە، سەرەتا لە ئەکسەرای تورکیا بڕی یەکەمی پارەکە دراوە، لەوێوە گوازراونەتەوە بۆ یۆنان و دواتر لە بەلەمدا گەشتەکەیان بەردەوام کردووە تا ئیتاڵیا، لە ئیتاڵیاشەوە لە رێگەی وشکانییەوە بە لۆری و شەمەندەنەفەر و یان تاکسی رەوانەی یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا کراون، ئەوانەشی پارەیان لێبڕاوە ناچارکراون پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن بۆ ناردنی پارە.

ئەوانەی دەستگیرکراون، رەنگە تۆمەتبار بکرێن بە رێکخستنی گواستنەوەی نایاسایی کۆچبەران و سپیکردنەوەی پارە.

هەر بە وتەی پۆلیس، زۆربەی ئەوانەی کاریان لەو باندەدا کردووە، خەڵکی ئۆکرانیا و وڵاتانی سۆڤیەتی کۆنن، بەڵام سەرکردەکانی باندەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و باندەکەیان بەڕێوەبردووە.

چیرۆکی ئەو باندە ٢٩ کەسییە ئاڵۆزە، بەوەی زیاتر لە چوار ساڵە لە حەوت وڵاتەوە بەشوێنیانەوە بۆ دەستگیرکردنیان، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون لە گواستنەوەی کۆچبەران لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا و هەزاران کۆچبەریان گواستوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارەکان تەنها لە چوار مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٤٥ هەزار کۆچبەری نایاسایی بە رێگەی جیاواز لە رێگەی قاچاخچییەکانەوە خۆیان گەیاندوەتە ئیتاڵیا.













گەلەری