سەردێڕ:

عێراق وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی ئاشکرا کرد

PM:10:16:11/05/2023

25004 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تورکیای ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژی شەممەی داهاتوو دەست بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەکاتەوە.


وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بە کۆمپانیای بوتاشی تورکی راگەیاندووە رۆژی شەممەی داهاتوو رێکەوتی ١٣ی ٥ی ٢٠٢٣ دەست بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکاتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، سەرجەم گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوت لە بەندەری جەیهان تەواوبووە واژۆکراون بەگوێرەی ئەو میکانیزمانەی کۆمپانیای سۆمۆ پشتییان پێدەبەستێت.

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، "کۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژی ١٠ی ئایار بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکیی کردووە پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوت لەڕێگای بۆری کەرکوک-جەیھان دەستپێبکرێتەوە و چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەین".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی ماوەبەسەرچووی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیی لەبارەی دۆسیەی نەوت، رێوشوێنەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت تەواو بووە. راشیگەیاندووە، ئێستا ھەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردنی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن.

رۆژی ٢٥ی ئازار، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی حەیدەر عەبادی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا تۆمارکرابوو، بڕیاریدا، ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیرا.

دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییش، حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمێکی نوێی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن. بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، داھاتەکەشی لە ھەژمارێکی بانکی دادەنرێت و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەکارھێنانی پارەکەی دەبێت.

ھەروەھا ھەولێر و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێنا بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات.

 













گەلەری