سەردێڕ:

کاندیدێکى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتی تورکیا کشایەوە

موحەڕەم ئینجە کاندیدی دەست لەکارکێشاوەى سەرۆکایەتی تورکیا
PM:02:51:11/05/2023

17252 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پارتی وڵات و کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، موحەرەم ئینجە، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، موحەڕەم ئینجە کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، رایگەیاند، لە کاندیدبوونی سەرۆکایەتی تورکیا لە هەڵبژاردنی داهاتوو کشاوەتەوە.

هاوکات جەختی لەسەر بەشداریکردنی پارتە سیاسییەکان کردەوە لەبەشداربوونیان لە پەرلەمان.

موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی وڵاتە لە تورکیا و دوێنێ چوارشەممە لەشارەکانی مەنیسا و ئیزمیر رایگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە کۆتایی بەبانگەشەی هەڵبژاردن دەهێنێت و ئەمڕۆش رایگەیاند، کۆتایی بەکاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری یایندەی تورکیا دەهێنێت و ئەوەش ناڕەزایی و نیگەرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی لێکەوتەوە.

هاوکات، موحەڕەم ئینجە رەتیکردەوە ئەو گرتەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوەی هی ئەوبن بەڵکو ئاماژەی بەوەداوە گرتەو وێنەکان ساختەو دەستکاریکراون.

وتیشی، بەرپرسانی تورکیا لەبابەتی بڵاوبوونەوەی وێنەو گرتەکاندا نەینتوانیووە وەک کاندیدێک بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆکایەتی پارێزگاری لە کەسایەتی ئەو بکەن.

لایخۆیەوە کڵیچدار ئۆغلۆ کاندیدی سەرۆکیەتی رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو کردارانە دەکەن دژ بە ئینجە ئەنجامدراون.

ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت و جگە لە موحەڕەم ئینجە سێ کاندید ماونەتەوە و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانى کورسى سەرۆکایەتى، کە پێکدێن لەهەریەک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى ئێستاى تورکیاو کەمال کڵیچدار ئۆغڵو سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى جەهەپەو سینان ئۆغان سەرۆکى هاوپەیمانى باوباپیران.

 





 













گەلەری