سەردێڕ:

بەهای دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاستی مانگی رابردووى

AM:09:43:11/05/2023

22864 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ٤٠٠ دینار ئاڵوگۆڕی پێوەکرا و بەوەش بەهاکەی گەیشتە بەرزترین ئاستی مانگی رابردووی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا بەهای ١٠٠ دۆلار بەراورد بە دوێنێ هەزار و ٢٥٠ دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتە ١٤٨هەزار و ٤٠٠ دینار.

لەکاتێکدا دوێنێ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراو ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا و لەکاتی داخستنیشدا بە ١٤٦ هەزار و ٦٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لەناکاو لەکاتى شەودا، لەلایەن نوسینگە نافەرمییەکانى دراوەوە، نرخى دۆلار گەیشتە سەرووى ١٤٧ هەزار دینار.

هاوکات مانگێک لەمەوبەر بەهای دۆلار بە ١٤٣ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا و ئێستا دۆلار لەبەرزترین ئاستدایە لەماوەی مانگی رابردوودا، ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوو بانکی ناوەندی عێراق زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.

هاوکات، بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی سیاسەتی بانکی و نەختینەیی پێویست، ناسەقامگیری لە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراقدا دروستبووە.
لەماوەی رابردووشدا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، دۆلار دەگەڕێتەوە بۆسەر نرخی فەرمی.

مانگی رابردووش مەزهەر موحەممەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو سیاسەتەی بانکی ناوەندی گرتوویەتییە بەر، بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ ئاستی نرخی فەرمی کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەرە بە ١٣٢ هەزار دینارە دادەبەزێت.













گەلەری