سەردێڕ:

پاش نزیکەی مانگێک؛ گرژییەکانی سودان بەردەوامە

PM:09:59:10/05/2023

1776 جار خوێندراوەتەوە

پاش ٢٥ رۆژ و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاگربەست ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا بەردەوامە و شاندی هەردوولاش لە سعودیە لە دانوستاندان.


ئەمڕۆ چوارشەممە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی سودان پێی نایە رۆژی ٢٥ـەمینییەوە و سعودیەش دەڵێت، "سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا لە گفتووگۆدان بۆ سەپاندنی ئاگربەست."

بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا لە کۆڵانەکانی خەرتومی پایتەختی سودان و پاریزگانی دیکەش دەنگی تەقە دەبیسترێت و لە خەرتوم فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا دەسوڕێتەوە.

لایخۆشییەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییە چەکدارییەکانی سودانەوە٦٠٤ کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکانیشدا هاوڵاتیانی سودان ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچیش دەڵێ تاوەکو ئێستا ٧٠٠ هەزار سودانی ئاوارە بوون. بەڕێوبەری کارگێڕیی سندوقی هاریکاریکردنی منداڵان سەربە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف)ـش رایگەیاند، لە دەستپێکی پێکدادانەکانی سودانەوە تا ئێستا ١٩٠ منداڵ لەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە و هەزار و ٧٠٠ منداڵی دیکەش بریندار بوون.

١٥ی نیسانی ئەمساڵ لە سودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".













گەلەری