سەردێڕ:

راوێژکارێکى سودانی لەبارەی گۆڕینی پارەى نەوتی عێراق لەدۆلارەوە بۆ دراوی دیکە روونکردنەوە دەدات

مەزهەر موحەممەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق
PM:07:31:10/05/2023

2656 جار خوێندراوەتەوە

راویژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، داهاتەکانی نەوتی عێراق لە هەژمارێکی تایبەتیدا لە بانکی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە نیویۆرک هەڵدەگیرێت و هیچ ئەگەرێک نییە دراوی داهاتەکانی عێراق لە دۆلارەوە بۆ دراوێکی دیکە بگۆڕێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزهەر موحەممەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ١٤٨٣ی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٣ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داهاتەکانی نەوتی عێراق لەهەژمارێکی تایبەتیدا لەبانکی فیدراڵی ئەمەریکا لە نیویۆرک هەڵدەگیرێت.

هاوکات ئەو راوێژکارەى سودانى باسیلەوەکردووە، هەژمارەکە لەرووی یاساییەوە لەلایەن بانکی فیدراڵیەوە پارێزراوەو هیچ فشارێک نییە بۆ گواستنەوەی هەژمارەکان بۆ وڵاتانی دیکە یان گۆڕینی داهاتەکان بۆ دراوی دیکەی بیانی جیاواز لە دۆلاری ئەمەریکی.

وتیشی، بەکارهێنانی پارەکان و هەڵسوکەوتکردن پێیانەوە بەگوێرەی پێویستی و بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق دەبێت بەشێوەیەک خزمەت بەبەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵات بکات و پێچەوانەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا نەبێت کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا واژۆی لەسەر کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوت، داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش بەرزترین رێژەی داهاتە لەدوای دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

هەروەها، عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپیک" و رێژەیەکی زۆر لەیەدەگی نەوتی خاوی هەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان کە ٩٠٪ی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت و عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نرخی نەوت و داهاتی نەوتی دەبەستێت.













گەلەری