سەردێڕ:

عێراق و سوریا لەسەر ئاو رێککەوتنێکیان واژۆ کرد

هاوڵاتییەکى عێراقى لەسەر رۆخى رووبارى دیجلە لەناو شارى بەغدا
PM:06:34:10/05/2023

1996 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق رایگەیاند، وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق و وەزیرى ئاودێرى سوریا رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە لەسەر پرسى ئاو.


وەزارەتەکە لەراگەیەندراوێکدا باسیلەوەکردووە، رێککەوتنەکە زیاتر هونەرییەو لەسەر پشکى ئاوى عێراق کراوە کە تورکیاوە بەردەدرێتەوە.

سەرەتایی ئەم هەفتەیە کۆنگرەى سێهەمى ئاو لە بەغدا بە بەشدارى وڵاتانى دراوسێ و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، تێیدا عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئێران و تورکیا رێککەوت لەسەر بەردانەوەى ئاو.

رووبارى فورات لەتورکیاوە هەڵدەقوڵێت و بەنێو خاکى سوریادا دێتە عێراقەوە، بەردەوام عێراق و سوریا کێشەى کەمبوونەوەى ئاوەکەیان لەگەڵ تورکیا هەیە بەو پێیەى نزیکەى ٥٠ بەنداوى دروستکردووەو توانیویەتى زۆرترین بڕى ئاویان تێدا کۆبکاتەوە.

بەشێویەکی گشتی سێ رووبار لە تورکیاوە دەڕژێنە ناو خاکی عێراق کە پێکدێن لە دیجلە، زێی گەورەو خابوور؛ هەروه‌ها رێڕەوی فوراتیش لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێ و پاش تێپەڕبوونی بەناو خاکی سوریا ئینجا دەڕژێتە عێراق.

دەوڵەتی تورکیا، لەنەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەستیکردووە بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (گاپ)، کە پڕۆژەیەکی ئابووریی–سیاسییەو لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات جێبه‌جێده‌كرێن.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە رووباری دیجلەوە هەیە، بریتییە لە دروستکردنی هەشت بەنداوی گەورە بۆ ئاودێریکردنی ٢،٢ ملیۆن دۆنم لە زەویی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی ٢،١ ملیار کیلۆوات/ کاتژمێر کارەبا لەساڵێکدا، هەروا تورکیا ١٤ بەنداو لەسەر فورات بونیاددەنێت کە ١٣ ملیۆن هێکتار ئاودێریی دەکات.

سووریا بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی، دەکەوێتە باشووری تورکیاو رۆژئاوای عێراق، ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات گرنگییەکی ژیانیی بۆ سووریا هەیە،سوریا دیجلە و فورات بە دوو رێڕەوی ئاویی نێودوەڵەتی دەزانێت و لەمرووەوە خوازیارە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لەسەریان بچەسپێت.

سوریا، حەوزی دیجلە و فورات بەدوو حەوزی سەربەخۆ دادەنێت هەروا سوریا، جەخت لەسەر بنەمای دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەکاتەوەو بڕوایوایە پەیوەندیی وڵاتانی هاوکەنار، پەیوەندیی مافە نەک موڵک و پێویستە ئاوی هەردوو رێڕەو بەپێی رێكکەوتنی دوولایەنەو سێ لایەنە دابەشبکرێت.













گەلەری