سەردێڕ:

بلینکن: رژێمی بەشار ئەسەد شایەنی ئەوە نییە بگەڕێتەوە ناو کۆمکاری عەرەبی

بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریا و فەیسەڵ فەرحان وەزیرى دەرەوەى عەرەبستانى سعوودیە
PM:03:53:10/05/2023

3052 جار خوێندراوەتەوە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ئاسایی ناکاتەوەو ئەسەد شایەنی ئەوە نییە بگەڕێتەوە ناو کۆمکاری عەرەبی، سعودیەش بانگهێشتى بەشار ئەسەدى کرد بۆ کۆبوونەوەکە.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا کە لەواشنتن ئەنجامیاندا، رەخنەیان لەدووبارە گەڕانەوەی بەشار ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی گرت.

لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، رژێمی بەشار ئەسەد شایەنی گەڕانەوەی بێمەرج نییە بۆ کۆمکاری عەرەبی و ئەوان بە راشکاوانە، ئەو پرسەیان بۆ وڵاتانی عەرەبی روونکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ئاسایی ناکاتەوە، بەڵام ئەمەریکا لەلایەکی دیکەوە ھەمان ئامانجی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا ھەیە لەبارەى گەڕانەوەی ئاوارەکان، دۆزینەوەی رێگاچارەی سیاسیی بۆ قەیرانەکەو گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سوریاییەکان بەبێ بەربەست.

بلینکن ئەوەیخستەڕوو، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ھەمان بۆچوونیان ھەیە لەبارەى شکاندنی ھەژموونی ئێران لە سوریا و شکستپێھێنانی یەکجارەکی چەکدارانى داعش.

لایخۆیەوە وەزیری دەرەوەی بریتانیاش نیگەرانی خۆی و وڵاتەکەی لەگەڕانەوەی بێمەرجی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی نیشانداو ئاماژەی بەوەدا، دەبێت گەڕانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی، مەرجدار بێت و لانیکەم پەیوەستبێت بەھەندێک گۆڕانکاری بنەڕەتیی لەھەڵسوکەوتی رژێمی بەشار ئەسەدو مەرجی دڵنیابوونیش ھەبێت لەسەلامەتی ئەو ئاوارانەی کە ئارەزوویان ھەیە، بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان.

هاوكات ئەمڕۆ سەلمان بن عەبدول عەزیز ئال سعود پادشای سعودییە، لەلایەن نایف سەدر باڵیۆزی سعودییە لە ئوردن بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کرد، بەمەبەستی بەشداریکردنی لەکۆبوونەوەی خولی ٣٢ی کۆمکارى عەرەبی لەشاری جەددەی سعودییە کە بڕیارە لە بەرواری ١٩ی ئەم مانگە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی دەستپێبکات و ئەمەش یەکەم بانگهێشتنامەی فەرمییە دوای ١٢ ساڵ لەجەنگی ناوخۆیی سوریا لەلایەن سعودییەوە ئاڕاستەی بەشار ئەسەد کرابێت

ئەمە لەکاتێکدایە، دواى کۆبونەوەیەکى داخراوى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى، جارێکیتر ئەندامێتى سوریا لە کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى کاراکرایەوە، کە ماوەى ١٢ساڵە ئەندامێتى ئەو وڵاتە سڕکراوە.

لەساڵى ٢٠١١، دوای ئەوەى بەهارى عەرەبى و شەڕى ناوخۆ بەرۆکى سوریاى گرت، کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى، ئەندامێتى دیمەشقى لە کۆمەڵەکە هەڵپەسارد.

لەماوەکانى رابردووش، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەربازکردنى سوریا لەو گۆشەگیرییەى دەستیپێکردو هەریەک لەعەرەبستانى سعودیەو میسرو ئیمارات، کۆبونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى سوریا ئەنجامدا.

ئێستا سەرجەم وڵاتانى عەرەبى، لەهەوڵى ئەوەدان بگەنە رێککەوتنێکى دیکە، تاکو بانگهێشتى بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریا بکەن، لەکۆبوونەوەى داهاتوى لوتکەى کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى بەشدارببێت، کە بڕیارە لە ١٩ى ئەم مانگە لەشارى ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیە، بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و مەرجەکانى کۆمەڵەکە لەسەر سوریا کۆببێتەوە.












گەلەری

‌بەپەلە