سەردێڕ:

رۆژنامەنوسێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە ئۆکرانیا کوژرا

ئارمان سۆڵدین، رۆژنامەنووسى ئاژانسى فرانس پرێس.
PM:03:12:10/05/2023

2744 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەنوسێکی ئاژانسی فرانس پرێس، بەهۆى هێرشى موشەکى روسیاوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژرا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەگوێرەی هەواڵى میدیا جیهانییەکان، ئارمان سۆڵدینی تەمەن ٣٢ ساڵ بەهۆی هێرشی موشەکی روسیاوە لە نزیک باخموت لە ئۆکرانیا کوژراوە.

ئاژانسی فرانس ٢٤ لە هەواڵێکدا ئاماژەى بەوەداوە، سۆڵدین بە موشەکی گراد پێکراوە، بەڵام تەواوی تیمەکەی کە لەگەڵیدا بوون رزگاریان بووە.

سۆڵدین، لەگەڵ پێنج هاوکاری لە فرانس پرێس، نێردراونەتە بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیاو لەسەنگەرە چالاکەکانی جەنگەکەدا بوون.

هاوکات، ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا، لەتویتێکدا بە رۆژنامەنوسێکی ئازا وەسفیکرد.

ئەوە لەکاتێکدایە، لەدەستپێکی جەنگی ئۆکرانیا-روسیا، لەشوباتی ٢٠٢٢ تاكو ئێستا ١١ رۆژنامەنووسی نێردراو کوژراون.

ئارمان سۆڵدین، لەساڵی ٢٠١٥وە لەئاژانسی فرانس پرێس لەرۆما دەستبەکاربووەو هەمان ساڵ گواستراوەتەوە بۆ لەندەن، بە زمانەکانی ئینگلیزی و فڕەنسی و ئیتاڵی دواوەو لەگەڵیشیدا یاریزانی تۆپی پێبووە.

سۆڵدین لەدەستپێکی جەنگی ئۆکرانیاوە، یەکێکبووە لەنێردراوەکان بۆ ئۆکرانیاو لەساڵیادی جەنگەکەدا رایگەیاند، زۆر شانازی دەکات بەهەوڵ و کۆششەکانی و هێشتا کارەکەی تەواو نەبووە.













گەلەری