سەردێڕ:

سودانی مەرجێکی بۆ کاندیدانی پۆستی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی دانا

PM:11:55:09/05/2023

3116 جار خوێندراوەتەوە

بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کاندید بۆ پۆستی وەزیر دەبێت ماوەی خزمەتکەی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت و کاندید بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەبێت خاوەنی ١٠ ساڵ خزمەت بێت، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاوی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەیر دەکرێت لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی حکومەت.


نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی گشتی کرا و بەدواداچوون لەسەر دۆسییەکان کرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، بە پابەندبوون بە کارنامەی حکومی لە بارەی چاکسازی کارگێڕی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەم بڕیارانەی دا:

١- تەمەنی کەسی راسپێدراو بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی نابێت لە ٥٥ ساڵ زیاتر بێت و بە لایەنی کەمەوە خاوەنی بڕوانامەی باڵا بێت و بڕوانامەکەشی هاوتا بێت لەگەڵ سروشتی پۆستەکەی.

٢- لەسەر کاندیدی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پێویستە خاوەنی ١٠ ساڵ خزمەت بێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەبێت پێشتر خاوەنی پۆستی سەرۆکی لق یان سەرۆکی بەش یان یاریدەدەری بەڕێوەبەر بووبێت.

٣- مەرجە کاندیدی پۆستی وەزیر یان بریکاری وەزیر یان راوێژکار خاوەنی ١٥ ساڵ خزمەت و زیاتر بێت لە بواری کاری تایبەت بە خۆی و دەبێت پێشتر کاری راوێژکاری یان بەڕێوەبەری گشتی یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان یان لایەنێکی پەیوەست بە وەزارەتەکانەوە بوو بێت.













گەلەری