سەردێڕ:

روسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا کۆدەبنەوە

PM:10:28:09/05/2023

2100 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، شاندی روسیا و ئۆکرانیا لەگەڵ شاندەکانی تورکیا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێکەوتی ١٠ و ١١ی ٥ی ٢٠٢٣ لە ئەستەنبوڵ کۆدەبنەوە. دەشڵێت، "کۆبوونەوەکە درێژکردنەوەی وادەی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵەیش لەخۆ دەگرێت".


وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کۆبوونەوەی دووشاندی و فرەشاندی نێوان تورکیا، روسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٠ و ١١ی ٥ی ٢٠٢٣ لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا، درێژکردنەوەی وادەی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی خۆراک لە جیهان و جێگیری نرخی خۆراک لە جیهان و گەیاندنی بە وڵاتان تاوتوێ دەکرێت.

دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی گواستنەوەی کەشتی و تیمی کەشتیوانی تورکیا دەکرێت کە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیریان خواردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لە ٢٤ی ٨ی ٢٠٢٢، بۆ یەکەمجار لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی رێکەوتی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٢ هەریەک لە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا و دميترو كوليبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بەسەرپەرشتی مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری ئەنتاڵیای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

دواتر لە رێکەوتی ٢٨ی ٣ی ٢٠٢٣ شاندی روسیا و ئۆکرانیا لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا کۆبوونەوە.

لەمانگی تەمموزی ٢٠٢٢ روسیا و ئۆکرانیا بە سەرپەرشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە ناوەندگیری تورکیا رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەیان بۆ بازاڕەکانی جیهان واژۆکرد.

دوای درێژکردنەوەی ماوەی هەناردەکردنی گەنم بۆ چەند جارێک درێژکرایەوە، دوا جار روسیا ماوەی هەناردەکردنی گەنمی بۆ بازاڕەکانی جیهان بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ درێژکردەوە و تا ئەو ماوەیەش زیاتر لە ٢٧ ملیۆن تۆن دانەوێڵە و کاڵا گواستراونەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەمەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی کاڵا و خۆراک لە کاتی گەیشتنی دانەوێڵە بۆ وڵاتانی هەژار لە رێگەی ناوەندێکی دانەوێڵە لە تورکیاوە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دامەزراندنی ئەو ناوەندە.













گەلەری