سەردێڕ:

لە ئەڵمانیا ١٤ کۆچبەر لە یەک ئۆتۆمبێلدا دەستگیرکران

PM:09:10:09/05/2023

3200 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی ئەڵمانیا لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبیلەکان دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت کە ١٤ کەسی تیابووە و سەرجەمیان کۆچبەری نایاسایی بوون و پێنج لە کۆچبەرەکان خەڵکی عێراقن.


پۆلیسی ناوەندیی لە شاری پێرنای ئەڵمانی لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا کە شۆفێرەکەی پیاوێکی ئەفریقی بوو کۆمەڵێک کۆچبەری دۆزیەوە کە نۆ کەسیان سووری بوون و پێنجی دیکەیان عێراقی بوون.

لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لەسەر رێگای ئەی ١٧ لە بریتناو نزیک سنووری کۆماری چیک، لەلایەن پۆلسی ئەڵمانیەوە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلێکی جام رەشکرا و دەرکەوت پیاوێکی ئەفریقی تەمەن ٣٢ ساڵ رۆژانە کۆچبەری نایاسایی دەگوازێتەوە.

ئەوەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکە هەبوو تەنانەت ئەفسەرەکانی پۆلیسیشی سەرسام کرد، چونکە ١٤ کەس لە ناوی ئەو ئۆتۆمبێلە بوونیان هەبوو، پێشتریش ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە، کورسییەکانی دواوەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەرهێندرابوون تاوەکو سەرنشینی زیاتر هەڵبگرێت و جگە لەوەش جامەکانی رەشکرابوون.

وتەبێژی پۆلس ئاماژەی بەوەشدا، سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێنەبووە و ئاشکرابوون کە کۆچبەری نایاسایین و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ ناوەندی پێشوازی یەک.

وتیشی، "شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەوڵی هەڵهاتنی داوە، بەڵام دواتر دەستگیرکراوە."













گەلەری