سەردێڕ:

ئەمریکاش هەڵوێستی خۆی لەبارەی گەڕانەوەی رژێمی ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی راگەیاند

AM:09:13:09/05/2023

2524 جار خوێندراوەتەوە

دوای یەکێتی ئەوروپا ئەمریکاش هەڵوێستی خۆی لەبارەی گەڕانەوەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بۆناو کۆمکاری عەرەبی راگەیاند و دەڵێت، بڕیارەکە بە گونجاو نازانن.


ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو بڕیارە گونجاو نییە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی لە چەندین ئەولەوییاتدا هاوبەشن بەتایبەتی لە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

وتیشی، "پێمانوانییە کە لە ئێستادا دووبارە قبوڵکردنی سوریا لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی گونجاو بێت و بەڕوونی ئەم خاڵەمان لەگەڵ سەرجەم هاوبەشەکانمان باسکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە چەندین ئامانجدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە پرسی سوریا بەشدارن و لە نێو ئەمانەشدا بریاری ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانی سوریا لە سەرووی هەموویانەوە دێت.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا لە بابەتەکانی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ سوورییەکان و رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی داعش و ئامانجەکانی ئاسایش و سەقامگیری هەمان ئامانجیان هەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ، دوای بڕیاری گەڕانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەبێ چارەسەری سیاسیی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی ئەسەد مەحاڵە.













گەلەری