وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، لەبارەی دۆسییەی ئاوەوە لەگەڵ عێراق چەند رێککەوتنێکیان واژۆکردووە. دەشڵێت، "کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئاو گرنگی بە لایەنەکانی هونەری و یاسایی و ئیدارەدانی کاروباری سەرچاوە ئاوییەکانی لە ناوچەکە دا".
عەلی ئەکبەر میحرابیان وەزیری وزەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی فارسی وڵاتەکەی رایگەیاند، لیژنەی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە بەرپرسبوو لە گفتوگۆکردنی دۆسییەی ئاو لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کارەکانی راگرتبوو، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە رێککەوتنێکی نوێ واژۆکرا و لیژنەکە دەستی بەکارەکانی کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا،
لەگەڵ عێراق رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی چەند وێستگەیەکی ئاوی بۆ بەرهەمهێنانی
کارەبا و ئەم کارەش ئەندازیارە ئێرانییەکان سەرپەرشتی دەکەن.
وتیشی، پێویستە
بابەتی ئاو لە نێوان عێراق و ئێران بە سیاسی نەکرێت، چونکە پرسی ئاو بابەتێکی هەرێمی و کۆمەڵایەتی و هونەری تەواوە.
وەزیری وزەی ئێران باسی لەوەشکرد، ئاماژەکانی بارانبارین لە ناوچەکەدا
دەریان خستووە رێژەی بارانبارین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و کەشوهەواش گۆڕانکاری
بەسەرداهاتووە.
دەشڵێت، ئێران وڵاتێکی
گرنگە لە ناوچەکەدا، چەند وڵاتێکی دراوسێی هەیە، هەربۆیە پێویستە لە رووی وزەوە ئاڵوگۆڕی
هەبێت، ئەمەش سودی بۆ بەرژەوەندی ئابوری گەل و وڵات دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە،
ماوەی دوو رۆژە عەلی ئەکبەر میحرابیان وەزیری وزەی ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە
بەغدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئاو.