سەردێڕ:

لەبارەی شەڕی روسیا و ئۆکرانیاوە؛ ئەمریکا داوایەکی ئاڕاستەی تورکیا کرد

PM:11:07:07/05/2023

3824 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازی بۆ وڵاتەکەی کردووە سیستەمی ئێس-400ی روسی کە پێشتر تورکیا لە روسیای کڕیوە رەوانەی ئۆکرانیا بکات. دەشڵێت، "ئەوان پێشنیازەکەیان رەتکردووەتەوە".


داود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا چەندین پێشنیازی سەبارەت بە سیستەمی ئێس 400ی روسی کە پێشتر تورکیا لە روسیای کڕیوە بۆ کردوون.

دەشڵێت، ئەمریکییەکان پێیان راگەیاندوون دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەو موشەکانە بکەن، بەڵام ئەم داواکاریە کاریگەری لەسەر سەربەخۆیی تورکیا هەیە، سەربەخۆیی تورکیا لەو حاڵەتەدا لە کوێ دەبێت؟ ئەگەر رێگە بدەن پشکنین بۆ موشەکەکانیان بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تورکیا چەندینجار پێشنیازی جیاوازی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە سەبارەت بە سیستەمی ئێس-400 پێگەیشتووە، ئەگەر ئەنقەرە نەرمی و رەزامەندی بنواندایە، ئەوا رووبەڕووی کێشەکانی ئێستای واشنتۆن نەدەبووەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکردووە، "پێشنیازیان بۆ کردوین ئەم سیستەمە بنێرین بۆ ئۆکرانیا، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتکردەوە و وتمان دروست نییە، موشەکی روسی بۆ ئۆکرانیا بنێرین".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا تورکیا چەند جارێک داوای لە ئەمریکا کرد سیستمی بەرگری پاتریۆتی پێ بفرۆشێت، لەبەرامبەردا ئەمریکا ئامادەنەبوو ئەو کارە بکات. لە ساڵی ٢٠١٨ و دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ تورکیا جموجوڵەکانی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-400ی روسی دەستپێکرد و لەگەڵ روسیا گرێبەستی کڕینی سیستەمەکەی واژۆکرد و ئەمەش نیگەرانی ئەمریکای لێکەوتەوە.













گەلەری